زیاد ڕەئوف لەبارەی ژینگەی کوردستان لە کۆڕبەندی ژینگەناسی EKOZAKOPANE 2017

زیاد ڕەئوف وەکو میوانێکی تایبەت لە کۆڕبەندی شارەزایی ووزە و ژینگە لە شاری زاکۆپانێ Zakopane  بەشداری کرد، کە تەرخان کرابوو بۆ پاراستنی ژینگە لە پۆڵۆنیا و جیهان، تیایدا بابەتێکی بەشێوەی پرێزێنتەیشن پێشكەش کرد بەناوی “ژینگەی هەرێمی کوردستان – هەڕەشەکان و دیاردە پۆزەتیڤەکان”.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بابەتەکەی بەوە دەست پێکرد کە هەرێمی کوردستان لە ڕووی ژینگەی سروشتیەوە زۆر دەوڵەمەندە، وە بێگومان کوردستانی سەربەخۆ دەیەوێت سود لەو کارتە براوەیە وەربگرێت بۆ دانیشتوانی هەرێمەکە و لە هەمان کاتدا ببێتە ئامانجێکی سەرەنجڕاکێش بۆ گەشتیاران لە هەموو جیهانەوە. لە بەشێکی تری بابەتەکە زیاد ڕەئوف باسی هەڕەشەکانی بەردەم ژینگەی کوردستانی کرد: لەوانە کاریگەری کردە سەربازییەکانی سوپای عێڕاق لەماوەی چەند دەیەی ڕابردوو لە شەڕ و چاندنی مین و پیس کردنی ژینگە بە گازی کیمیاوی)، ئەو پاڵێوگانەی کە ستانداردەکانی پاراستنی ژینگە ڕەچاو ناکەن، هەروەها زۆربوونی ڕێژەی زبڵ و پاشماوەکان و کێشەی پیسبوونی هەوا.

جگە لەباس کردنی هەڕەشەکان، نوێنەری حکومەت ئاماژەی بەو دەستپێشخەرییە پۆزیتیڤانە کرد کە لەپێناوی پاراستنی ژینگە ئەنجام دراون، لەوانە پڕۆگرامی پاراستنی ئاژەڵی کێوی (لەوانە وورچ و پڵنگی چیایی)، زۆربوونی ژمارەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان بۆ پاراستنی ژینگە، هەروەها گرنگیدانی زۆرتر بە پارك و ناوچە سەوزاییەکان لە شارە گەورەکانی کوردستان.

زیاد ڕەئوف ئاماژەی دا کە هەرێمی کوردستان پێویستی بە سود وەرگرتن هەیە لە ئەزموونەکانی وڵاتی پۆڵۆنیا لەبوای پاراستنی ژینگە، هەروەها بۆ سود وەرگرتن لە کۆمپانیا پۆڵۆنییەکان ئەوانەی کاردەکەن لە بواری ووزەی نوێ بووەوە، ریسایکلین و پاكکردنەوەی زێرابەکان.

لە هەمان کاتدا بەشداری کردن لە کۆڕبەندی EKOZAKOPANE دەرفەتێك بوو بۆ زیاد ڕەئوف بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەشداربووانی تری کۆنفڕانسەکە، لەوانە پەڕلەمانتاران، نوێنەرانی دەسەڵاتی خۆجێیی، ڕێکخراوە ژینگەییەکان و خاوەن کۆمپانیاکان. شایانی باسە پڕۆگرامێکی هەمەڕەنگی کولتوری و پیشانگە لە بۆنەکەدا ئامادەکرابوو.