زیاد ڕەئوف لە ڕادیۆی ماریا دەربارەی سێهەم ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان بەدەستی داعش

زیاد ڕەئوف وەکو میوان لە پەخشی ڕادیۆیی “aktualności dnia” ڕادیۆی ماریا دیمانەیەکی ئەنجام دا. بابەتی دیمانەکەش بریتی بوو لە سێهەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژکردنی کوردانی ئێزیدی بەدەستی تیرۆریستانی داعش.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا ئەو تاوانەی ناونا بە “یەکێك لە گەورەترین تاوانەکانی سەدەی بیست و یەك”. ئاماژەی دا بە دڕندەیی بێ هاوتای توندڕەوانی داعش، کە بوونە هۆی دووبارە دروست کردنەوەی کۆیلایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. زیاد ڕەئوف سەرەنجی دا کە تراژیدیای ئێزیدییەکان هێشتا بەردەوامە، چونکه تا ئێستا 3400  کەس لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش دیل و زیندانن، وە دەیان هەزار کەسیش هێشتا ناتوانێت بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، چونکه شاری شەنگال بە تەواوی وێران بووە.

زیاد ڕەئوف باسی هەموو ئەو چاڵاکییانەی کرد کە نوسینگەی نوێنەرایەتی لە پۆڵۆنیا ئەنجامی داون لە پێناوی بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاستیانە دەربارەی کۆمەڵکوژییەکە: یاداشتێك پێشکەشی پەڕلەمانی پۆڵۆنیا کراوە بۆ ناساندنی ئەو کۆمەڵکوژییە وەکو جینۆساید، یاداشتەکەش بۆچوونی پۆزەتیڤی لەسەر دراوە لە لایەن پسپۆڕانی یاسایی پەڕلەمان و هەروەها کاردانەوەی ئەرێنی کۆمسیۆنی پەڕلەمان بۆ پرسی یاداشتەکان، وە ئێستاش چاوەڕێی ئەوە دەکرێت وەزارەتی دەرەوەی پۆڵۆنیا هەڵوێستی خۆی لەسەر بدات. هەروەها بەردەوام کاردەکرێت لەپێناو زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکان لە پۆڵۆنیاوە بۆ ئێزدییەکان.

لە گفتوگۆکاندا زیاد ڕەئوف پرسیاری لێکرا لەبارەی ئاسۆکانی لەناوبردنی تەواوی تیرۆریستانی داعش، لە وەڵامدا ڕایگەیاند کە لەناوبردنیان ئەستەم نیە، چونکه تیرۆریستان ئێستا لە پاشەکشەدان، ئەوەش بەهۆی ئازایەتی و جەنگی دلێرانەی کورد، بەڵام سەرکەوتن لەو جەنگە دەبێت لە ڕێگەی پێکبەستنی کۆمەڵێك هۆکار بێت. نەك تەنها لە جەنگی زەمینی بەسەریان دا زاڵ بین، بەڵکو دەبێت جەنگ لەگەڵ ئەو ئایدۆلۆژیایە توندڕەوە بکرێت، ڕێگە نەدرێت چەکیان بەدەست بگات، هەروەها سەرچاوەکانی ناردنی پارە و سامانیان لێ ببڕدرێت.

http://www.radiomaryja.pl/multimedia/3-rocznica-rozpoczecia-isis-ludobojstwa-jazydow/