زیاد ڕەئوف لەبارەی بارودۆخی کوردستان و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هاوکاری کردنی پێشمەرگە گفتوگۆ لەگەڵ هەریەك لە جێگری سەرۆکی پەڕلەمانی پۆڵۆنیا و سەرۆکی فڕاکسیۆنی “Kukiz 15” ئۆپۆزسیۆنی پەڕلەمان دەکات

زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا، لە تەلاری پەڕلەمانی ئەو وڵاتە چاوپێکەوتنی ئەنجامدا لەگەڵ هەریەك لە ستانیسلاڤ تیشکا Stanisław Tyszka جێگری سەرۆکی پەڕلەمانی پۆڵۆنیا، هەروەها پاڤێڵ کوکیز Paweł Kukiz سەرۆکی فڕاکسیۆنی “Kukiz 15” لە پەڕلەمانی ئەو وڵاتە، کە سێهەم گڕوپە لە ڕووی ژمارەوە لە پەڕلەمان.

زیاد ڕەئوف گفتوگۆکانی دەستپێکرد بە تیشك خستنە سەر بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان، باسی جەنگی بەردەوامی کرد لە دژی داعش و ڕۆڵی گرنگی پێشمەرگە لە تێکشکاندنی تیرۆریستان. هەروەها قەیرانی بەردەوامی مرۆیی کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە.

نوێنەری حکومەت هەردوو دەستپێشخەری نوسینگەی نوێنەرایەتی بۆ ناوبراوان خستەڕوو کە دەخوازێت لە پەڕلەمانی پۆڵۆنیا کاری لەسەر بکرێت. ئەو دوو دەستپێشخەرییەش بریتین لە پێشکەش کردنی یاداشتێك بە پەڕلەمان سەبارەت بە تاوانی کۆمەڵکوژیی ئەنفال بە دەستی ڕژێمی بەعس و هەروەها تاوانی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان بە دەستی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش.

هەریەك لە ستانیسلاڤ تیشکا و پاڤێڵ کوکیز پشتیوانی خۆیان بۆ کوردستان و نەتەوەی کورد دووپات کردەوە لەو دۆخە سەخت و ناهەموارەدا. ڕایانگەیاند کە هاوکاری دەکەن بۆ باوەڕ پێهێنانی پەڕلەمانتاران بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای لەبارەی هەردوو کۆمەڵکوژیی. زیاد ڕەئوف و نوێنەرانی فڕاکسیۆنی “Kukiz 15” پێیان باش بوو کە ساڵیادی یادکردنەوەی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان دەرفەتێکە بۆ کارکردنی هاوبەش لەسەر ئەو پرسە، واتە ڕێکەتی 3ی ئۆگوست.

لە میانەی دیدارەکە هەروەها گفتوگۆ کرا لەسەر هەلومەرجەکانی هاوکاری کردنی هێزی پێشمەرگە، جێگری سەرۆکی پەڕلەمان و سەرۆکی فڕاکسیۆنی “Kukiz 15” پشتیوانی و هاوسۆزی خۆیان بۆ خەباتی بێ ووچان و ئازایەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە. زیاد ڕەئوف بابەتی ئەنجام دانی ڕیفراندۆم و دواتریش پلانی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بە ناوبراوان ڕاگەیاند، دەری خست کە زۆر وڵاتانی جیهان پشتگیری لەو بابەتە دەکەن. ناوبراوانیش پشتیوانی خۆیان بۆ هەوڵەکانی سەربەخۆیی کوردستان بۆ نوێنەری حکومەت دووپات کردەوە.

دەرفەتی دیدارەکەی ئەمڕۆ بریتی بوو لە بەشداری کردن لە کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی لەبارەی مافەکانی مرۆڤ، کە لە پەڕلەمانی ئەو وڵاتە ڕێکخرابوو. یەکێك لە بەشداربووان زیاد ڕەئوفە، کە بابەتێك لەسەر ئەنفال پێشکەش دەکات. هەر بەو بۆنەیەوە زنجیرەیەك دیدار و چاوپێکەوتنی لەگەڵ سیاسەتمەداران و چاڵاکوانانی مافەکانی مرۆڤ و نوێنەرانی گۆڕەپانی ئەکادێمی ئەنجام دا.