زیاد ڕەئوف لە گفتوگۆیەك لە پەڕلەمانی پۆڵۆنیا دەربارەی هەلومەرجەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی پۆڵۆنیا و هەرێمی کوردستان

زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا سەردانی تەلاری پەڕلەمانی پۆڵۆنیای کرد لەسەر بانگهێشتی مارچین دوشێك Marcin Duszek پەڕلەمانتاری سەر بە پارتی یاسا و دادپەروەری دەسەڵاتدار لە پۆڵۆنیا. لە دیدارەکەدا پەڕلەمانتار پشیمیسلاڤ چارنێچسکی Przemysław Czarnecki   -جێگری سەرۆکی لیژنەی پەڕلەمانی بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە ئامادە بوو، کە سەر بە هەمان پارتی سیاسییە.

دیدارەکە بە گفتوگۆ دەستی پێکرد لەسەر بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان، هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پۆڵۆنیا و پەیوەندی نێوان نوسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە پۆڵۆنیا و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە.

لە وەڵامدا هەردوو پەڕلەمانتار ڕایانگەیاند کە کاردەکەن بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پۆڵۆنیا و هەرێمی کوردستان. پەڕلەمانتار پشێمیسلاڤ چارنێچسکی ئاماژەی دا کە لە پەڕلەمانی پۆڵۆنیا لیژنەیەك پێكدەهێنرێت بۆ پرسی ئاساییشی نیشتمانی کە ئەوەش ڕەنگە ببێتە سەکۆیەکی باش بۆ گەشەپێدانی پەیوەندی پۆڵۆنیا-کوردستان.

 لەسەر داوای نوێنەری حکومەتی هەرێم، پەڕلەمانتارانی ناوبراو ڕایانگەیاند کە بەدواداچوون دەکەن بۆ ئەو یاداشتەی کە نوسینگەی نوێنەرایەتی حکومەت پێشکەشی پەڕلەمانی پۆڵۆنیای کردووە، تاوەکو لیژنەی پەڕلەمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ کاری لەسەر بکات بۆ پرسی ناساندنی ئەنفال بەدەستی بەعس و کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان بە دەستی داعش وەکو دوو تاوانی جینۆساید و دژی مرۆڤایەتی.