خەڵاتی زێڕی “خاچی مالۆپۆڵسکا” بە زیاد ڕەئوف بەخشرا

سەرۆکایەتی هەرێمی مالۆپۆڵسکا خەڵاتی زێڕی “خاچی مالۆپۆڵسکا” ی بەخشی بە زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا کە لە لایەن بەڕێز ڤۆیچێخ کۆزاك Wojciech Kozak  جێگری سەرۆکی هەرێمەکە لە میانەی یادکردنەوەی جەژنی نەورۆز لە شاری کڕاکۆڤ پێشکەشی کرا.

لەکاتی وتارەکەی، جێگری سەرۆکی هەرێمی مالۆپۆڵسکا باسی هۆکارەکانی بەخشینی ئەو خەڵاتەی کرد بە کەسایەتی زیاد ڕەئوف، تیشکی خستەسەر ئەوەی کە لە ماوەی سی ساڵ تەمەنی لە وڵاتی پۆڵۆنیا چاڵاکی جۆراوجۆری ڕۆشنبیری و کولتوری و کۆمەڵایەتی ئەنجامداوە، هەروەها بۆ ئەو خزمەتەی کە پێشکەشی کردووە لە پاراستن و ئاوەدان کردنەوەی شوێنەواری مێژوویی و پاراستنی کەلەپوری پۆڵۆنیا، بەشداری بەردەوامی لە هاوکارییە مرۆییەکان هەبووە بۆ نمونە کۆمەك کردنی نەخۆشخانەکانی هەرێمی مالۆپۆڵسکا. جگەلەوەش ڕۆڵی باڵای هەبووە لە بەهێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان هەردوو هەرێمی کوردستان و مالۆپۆڵسکا.

نوێنەری حکومەت لە بەرانبەردا سەرسامی خۆی نیشان دا زۆر سوپاسی جێگری سەرۆکی هەرێمی کرد، ڕایگەیاند کە ئەوە شانازییەکی گەورەیە و وای لێدەکات بەردەوام بێت لە ئەنجامدانی چاڵاکی لەو جۆرە.