کۆنفرانسی نەتەوەیەکگرتووەکان دەربارەی ژینگە

 

لەسەر بانگھێشتکردنی سەرۆك کۆماری پۆلۆنیا ئاندژێی دودە نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا زیاد رەئوف بەشداری کرد لە مەراسیمی کردنەوەی کۆنفرانسی نەتەوەیەکگرتووەکان دەربارەی ژینگە COP 24 کە بە بەشداری سەرۆك و سەرۆکوەزیران و دبلۆماتکاران و پسپۆرانی بواری ژینگەی زۆربەی وڵاتانی جیھان دەستیپێکرد لە شاری کاتۆڤیچای پۆلۆنی و بۆ ماوەی دوانزە رۆژ بەردەوام دەبێت .

لە مەراسیمەکە پاش ووتاری بەڕێز سەرۆك کۆماری پۆلۆنیا، تیپی سیمفۆنیای میللی رادیۆی پۆلۆنیا کۆنسێرتێکی پێشکەش کرد بەبۆنەی ساڵیادی ١٠٠ ساڵەی سەربەخۆیی پۆلۆنیا کە بەشی زۆری بریتی بوو لە ھۆنراوە سیمفۆنیەکانی ئیگناچی یان پادێرێڤسکی Ignacy Jan Paderewski ئەو کەسایەتییەی کە دەناسرێ بە یەکێك لە باوکەکانی سەربەخۆیی پۆلۆنیا و لەسەرەتای سەدەی بیست لە ئەمریکاو جیھان بە رێگای کۆنسێرتەکانی و سیمفۆنیەکانی ڕۆلێکی گرینگی بینی لە ناساندنی میللەتەکەی و بەدەستھێنانی پشتگیری و یارمەتی ، تا ئەوڕادەیە کە پاش شەڕی جیھانی یەکەم قەناعەتی بە سەرۆکی ئەمریکا ھێنا کە لەیەکیك لە خاڵەکانی مانیفێستەکەی داوای سەربەخۆیی پۆلۆنیا بکا .