سیمینارێک لەژێر ناونیشانی کوردستان لەزانکۆی وارشۆ.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا زیاد رەئوف ڕۆژی سێ شەممە ، سیمینارێکی ئەنجامدا  لە زانکۆی وارشۆ، کە رێکخرابوو لە لایەن کۆمەلەی قوتابیان “ڕوانگەی ئاکادیمیای ئاتینا”. سیمینارەکە بەرێوەچوو لە کتێبخانەی کۆنی زانکۆی وارشۆ، قوتابیانی بەشی زانستە سیاسیەکان وپەیوەندییە نێودەولەتیەکان، مامۆستایان و کەسانی ئەکادیمیا و چەندین میوانی تر، کە گرنگی بە دۆزی کورد دەدەن ئامادەی ئەم سیمینارە بوون.

سیمینارەکە دەستی پێکرد بە وتەی بەرێز زیاد رەئوف بە پێشاندانی زانییارییەکان لە رێگەی داتاشۆوە، کە تیایدا مێوانانی ئاشنا کرد بە مێژووی کورد و کوردستان لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە تاوەکو ئەمرۆ، هەروەها مێژووی هاوچەرخی کوردستانی باشور پێش رووخانی رژێمی دکتاتۆری سەدام  و دوای رووخانی.

لە بەشی دووەمی سیمینارەکە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان  جیاوازییەکانی  نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی خستەروو لە بوارەکانی پێشکەوتن و ئاوەدانکردنەوەو ئەمن و ئاسایش و پابەند بوون وجێبەجێ کردنی یاساکان، کۆمەلێک نموونەی پێشانی ئامادەبووان دا وەک پێشێلکردنی دەستور لەلایەن حکومەتی بەغداوە، زیاد رەئوف  ئەوەی ڕوونکردەوە، کە ئەمانە بوونە هۆی درووستبوونی ئەم بیروباوەرە لای کورد، کە داوای جیابوونەوەو سەربەخۆیی بکەن. ئەمەش ئەنجامدانی ریفراندۆمی لێکەوتەوە. لە کۆتایی وتەکانی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان  لە میانی ئەم سیمینارە،  گفتوگۆی کرد لەسەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی مانگی سێپتێمبەر و ئەنجامەکانی، کە خراپترینییان  هیرشەکانی عێراق  بۆ سەر کەرکوک و خورما توو و ناوچەکانی تری  کوردستان، هەروەها ئابلوقەدانی ئابوری هەرێمی کوردستان و ئامادەنەبوونی حکومەتی عێراق بۆ گفتوگۆ ، روونیشی کردەوە، کە کوردستانێکی سەربەخۆ دەبیتە فاکتەری سەقامگیری لە ناوچەکەو دۆستێکی باوەرپێکراو بۆ ئەوروپا و جیهان. لە پاشان ئامادەبووان و میوانان پرسیارییان ئاراستەی بەرێز زیاد رەئوف کرد و تاوتوێی بابەتەکانییان کرد.