زیاد ڕەئوف بانگەوازی هاوکاری دەکات بۆ کورد و کریستیانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆنفرانسی “ڕۆڵی کڵێسای کاتۆلیکی لە نزیککردنەوەی ئەوڕوپا”

زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا میوان بوو لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بە ناونیشانی “ڕۆڵی کڵێسای کاتۆلیکی لە نزیكکردنەوەی ئەوڕوپا” کە لە کڕاکۆڤ بەڕێوەچوو. ئەوە حەڤدەهەمین جارە ئەو کۆنفرانسە بەڕێوەدەچێت، کە تیایدا سیاسەتمەدارانی گرنگی پۆڵۆنیا و ئەوروپا – پەڕلەمانتارانی پۆڵۆنیا و ئەوڕوپا، کەسایەتی ئایینی کڵێسای کاتۆلیکی، هەروەها شارەزایان و توێژەران بەشداریان تیاکرد. وەك هەموو ساڵێك کێشە و هەڕەشەکانی بەردەم ئەوڕوپا گەڵاڵە کران لەگەڵ ڕۆڵی کڵێسای کاتۆلیکی لە چارەسەرکردنیان.

لە کاتی کۆنفڕانسەکە زیاد ڕەئوف لە پانێڵێك بەناوی “داهاتوو – ڕێگاکانی هاتنە دەرەوە لە قەیران” وتاری پێشکەش کرد. نوێنەری حکومەت بە ئاماژە دان بە بابەتی گفتوگۆکە، تێبینی کرد کە زۆر لە کێشەکانی ئەوڕوپا سەرچاوەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بۆیە پێویستە هاوکاری کورد بکرێت کە ئیسپاتیان کرد دۆستی ڕاستەقینەی ئەوڕوپان و بەرگریکارن لە بەها ئەوڕوپییەکان، کورد ئاوارەی لەباوەش گرتووە، جەنگ لە دژی توندڕەوانی دەوڵەتی ئیسلامی دەکەن، پارێزگاری لە کەمینە نەتەوەییەکان دەکەن. زیاد ڕەئوف بیری هێنانەوە کە ئێستا کریستیانەکان دیسان تووشی دەربەدەری بوونەتەوە بە دەستی میلیشیا شیعەکان، 850 خێزانی کریستیانی لە ماڵەکانیان دەرکراون لە دەشتی موسڵ و بەرەو هەرێمی کوردستان هاتوون. لەوەوە داوای هاوکاری خێرای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد.

جگە لە گفتوگۆی پانێڵ، زیاد ڕەئوف دەرفەتی بوو ئاخاوتنی دوو قۆڵی بکات لەگەڵ پەڕلەمانتارانی پۆڵۆنی و پەڕلەمانتارانی ئەوروپا، لەوانەش لەگەڵ هانس گێرت پۆتێرینگ Hans-Gert Pottering سەرۆکی پێشووی پەڕلەمانی ئەوڕوپا، هەروەها لەگەڵ داڤید ماکالیستەر David McAllister سەرۆکی کۆمسیۆنی پەڕلەمانی ئەوروپا بۆ پرسەکانی دەرەوە. نوێنەری حکومەت بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و توندوتیژی لە دژی کورد و ڕۆڵی ئیران و میلیشیا شیعەکانی لەو دۆخەدا بۆ سەرۆکی کۆمسیۆن خستەڕوو. سیاسەتمەدارانی ئەوڕوپا ڕایانگەیاند کە ئەو پرسە لە پەڕلەمانی ئەوڕوپا و لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ سیاسەتمەدارانی وڵاتان و لەوانەش ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەخەنەڕوو.