نوێنەری حکومەت لە دیدارێك لەگەڵ کوردانی دانیشتووی پۆڵۆنیا لەبارەی ڕیفراندۆم

دوابەدوای سەردان و دیدارەکانی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێز مەسعود بارزانی لەگەڵ شاندی یاوەری کە پێکهاتبوون لە نوێنەرانی لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم بۆ بڕوکسێل و پەڕلەمانی ئەوڕوپا، نوسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا دیدارێكی ڕێکخست سەبارەت بە پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان. لە دیدارەکە ژمارەیەك لە کوردانی دانیشتووی وڵاتی پۆڵۆنیا ئامادەبوون کە زۆربەیان قوتابی و دکتۆری دەرچووی زانکۆکانی پۆڵۆنیان، هەروەها خاتوو ڕێزان سکرتێری یەکەمی باڵوێزخانەی عێڕاق لە پۆڵۆنیا بەشداری دانیشتنەکەی کرد.

زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێم بە ووتارێك دیدارەکەی دەست پێکرد، ئاماژە بە قسەکانی جەنابی سەرۆك بارزانی، تیشکی خستە سەر ئەو هۆکارانەی کە وایان لە کورد کردووە ئەو بڕیارە مێژووییە بدەن، چونکه کورد ئیتر لە چوارچێوەی عێڕاقدا ناتوانێت بە ئامانجەکانی خۆی بگات، جگە لەوەش هەموو ڕێگەکانی تاقی کردووەتەوە. ڕیفراندۆمیش مانای ئەوە ناگەیەنێت کە ڕاستەوخۆ کورد سەربەخۆیی ڕادەگەیەنێت، بەڵکو ئەوە دەبێتە سەرەتایەك بۆ ئامادەکاری بۆ ئەو پرسە بە ڕێگەیەکی ئاشتیانە و ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی.

 لە گفتوگۆی میوانەکاندا دەنگی جیاواز هەبوو، ئەوانەی کە لەگەڵ ئەنجامدانی پڕۆسەکە بوون و هەروەها ئەوانەش کە پێیان وابوو وادەی ئەنجامدانی پڕۆسەکە جارێ نەهاتووە، چونکە یەکڕیزی نیە و باری ئابووری و سیاسی لە کوردستان گونجاو نیە.

هەروەها سەبارەت بە لایەنی پۆڵۆنی، زیاد ڕەئوف ئاماژەی دا کە ڕای جیاواز هەیە لە نێویاندا، هەیانە پشتیوانن و هەشیانە بێ لایەنی دەردەبڕن لە پرسەکەدا، بە گشتی زۆربەی پەڕلەمانتارانی پۆڵۆنیا پشتیوانی پڕۆسەکە دەکەن، بەڵام وەزارەتی دەرەوە دژی ئەوەیە و پێی وایە کە ئەوە دەبێتە هۆی هەڵگیرساندنی شەڕێکی دیکە لە ناوچەکە.

لە بەشیکی دیکەی قسەکاندا، نوێنەری حکومەت جەختی کردەوە کە کورد بەدیلی تری لەبەر دەست نیە، ئاماژەی بەوەدا کە لە هەموو وڵاتێك لە قۆناغی ئینتیقالیدا گەندەڵی هەبووە، وە ئێستا ڕۆژبەڕۆژ حکومەتی هەرێم چاکسازی ئەنجام دەدا، هەروەها هەوڵی بەردەوام دەدا بۆ چاكکردنی باری دارایی خەڵکی هەرێم، وە بە بێ مەرج دەیەوێ پەڕلەمان کارا بکاتەوە.

لە کۆتاییدا نوێنەری حکومەت ئاماژەی دا کە یەکڕیزی گەل گەرەنتی سەرکەوتنی نەتەوەی کوردە، بە تایبەتی لەو دۆخە هەستیارەدا. ئەرکی هەر کوردێکە لە جێگەی خۆیەوە کاربکات بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم و گەیشتنی میللەتەکەمان بە ئامانجەکانی.