پێویستمان بە هاوکاری سەربازی و مرۆیی و هەروەها پشتیوانی حکومەتی پۆڵۆنیا هەیە – زیاد ڕەئوف بۆ ڕۆژنامەی “Polska The Times”

 ئەمڕۆ لە ژمارەیەکی نوێی ڕۆژنامەی “Polska The Times”- کە یەکێکە لە گەورەترین ڕۆژنامەکانی پۆڵۆنیا، وتارێکی گرنگ لەبارەی هەرێمی کوردستان و کورد بڵاوکرایەوە، کە تیایدا زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا گفتوگۆ دەکات. ناونیشانی وتارەکە بەوە دەست پێدەکات : “نوێنەری کوردستان: پێویستمان بە هاوکاری سەربازی و مرۆیی هەیە. هەروەها داوای پشتیوانی حکومەتی پۆڵۆنیا دەکەین”.

 دەقی وتارەکە بەو دەستەواژەیە دەست پێدەکات “ساڵی 2016  ڕەنگە ببێتە ساڵی وەرچەرخان لە مێژووی نەتەوەی کورد، چونکه واچاوەڕوان دەکرێت ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ڕابگەیەندرێت”. نوسەری تێکستەکە تۆماش پلاسکۆتا Tomasz Plaskota پێی وایە، کە زەحمەتیی زۆر لەبەردەم سەربەخۆیی کوردستان دا هەیە – جەنگی تیرۆریستانی داعش، قەیرانی ئابووری، هەروەها قورسایی ملیۆنێك و هەشت سەد هەزار ئاوارە.

 زیاد ڕەئوف لە گفتوگۆکانی بۆ ڕۆژنامەی ناوبراو باسی بەپەلەترین پێداویستی مرۆیی کوردستان دەکات و دەیسەلمێنێت، کە بۆچی دەبێ پۆڵۆنیا هاوکاریمان بکات: یەکێك لە باشترین شێوازەکان، بۆ ئەوەی ئەوڕوپا بپارێزین لە شەپۆڵی ئاوارەکان، دەبێت لە شوێنی نیشتەجێی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژیانیان بۆ دابین بکرێت، لەوانە لە کوردستان. پێویستی هاوکاریی بەردەواممان هەیە، دەبێ هەموو ڕۆژێك خۆراك و ئاویان بۆ دابین بکرێ، زستان لە کوردستان وەکو زستان لە پۆڵۆنیا سەختە. پێویستی پزیشکیمان هەیە، داودەرمان، کلۆر بۆ پاك کردنەوەی ئاو.

 زیاد ڕەئوف هەروەها ڕایگەیاند، بۆچی لەڕووی سیاسییەوە پێویستە پشتیوانی سەربەخۆیی کوردستان بکرێت: کەم شوێن هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکو کوردستان کە تیایدا ئایینزایانی هەموو ئایینەکان و گڕوپە ئیتنی و نەتەوەییەکان بە ئازادی و سەلامەتی بژین. پێویستە پشتیوانی ئەو مۆدیلە بکرێت، چونکه ئەوە بۆ هەموو ناوچەکە پێویستە، دروست بوونی دەوڵەتی کوردی، سەقامگیری زۆرتر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرقەرار دەکات. کوردستان دوای بەدەست هێنانی سەربەخۆیی، دەتوانێت ببێتە هاوپەیمانێکی بەهێزتر بۆ ئەوڕوپا و هەموو جیهان.

 تەواوی تێکستەکە دەتوانن لەو لینکەی خوارەوە (بە زمانی پۆڵۆنی) بخوێننەوە:

http://www.polskatimes.pl/artykul/9311532,pelnomocnik-kurdystanu-potrzebujemy-pomocy-militarnej-i-humanitarnej-no-i-wsparcia-polskiego-rzadu,id,t.html
بڵاوکردنەوەی ئەو وتارە، یەکەم هەڵمەتی میدیاییە لە ساڵی نوێ کە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا دەستی پێکردووە. سەرەتای ئەو هەڵمەتە دیدارێك بوو لە نوسینگەی نوێنەرایەتی لە وارشۆ بە بۆنەی سەری ساڵ بۆ ڕۆژنامەنوسان و نوێنەرانی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی پۆڵۆنیا. دەربارەی ووردەکارییەکانی تر بەم نزیکانە زانیاری زیاتر بڵاو دەکرێتەوە.