لە وارشۆ یادی ئەنفالی بارزانییەکان و کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان بەرزڕاگیران

 

لە ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەکان نوسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا لە سەنتەری ڕۆژنامەوانی فۆکساڵ بۆنەیەکی تایبەتی ڕێکخست بۆ یادکردنەوەی جینۆسایدی بارزانییەکان و هەموو ئەو کوردانەی لە شاڵاوی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە قڕکران، هەروەها کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان بە دەستی داعش.

 بۆنەکە لەژێر ناونیشانی “ئەنفال و کۆمەڵکوژییەکانی تر: کردەی جۆراوجۆر، بەڵام یەك واتا” پێكهاتبوو لە نیشاندانی دوو فیلمی دۆکومێنتاری، سیمیناری زانستی، هەروەها کۆنسێرتی موزیکی کوردی. لە دیدارەکە نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی پۆڵۆنیا، دەستەی دیپلۆماتی، ڕۆژنامەنوسان، هەروەها ڕەوەندی کوردی و زۆر هاوڵاتی پۆڵۆنی کە ئامانجیان ناسینی زیاتری پڕۆسەی ئەنفال بوو، بەشدارییان کردبوو.

دیدارەکە دەستی پێکرد بە بەخێرهاتنی میوانەکان لە لایەن زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا و خولەکێك وەستان بۆ گیانی پاکی هەموو شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و ئەنفال کراوەکان و ئێزیدییەکان و پێشمەرگە قارەمانەکان. دواتر میوانەکان سەیری فیلمێکی دۆکومێنتارییان کرد کە لە لایەن نوسینگەی نوێنەرایەتی کوردستان لە پۆڵۆنیا لەبارەی ئەنفال بەرهەم هێنراوە. تیایدا کاك یوسف عەزیز باسی ئەوە دەکات کە چۆن هەموو پیاوانی خانەوادەکەی لەگەڵ بارزانییەکان کۆمەڵکوژ کراون. هەروەها لە فیلمەکە پڕۆفیسۆر ئیرێنێوش کامینسکی Ireneusz Kamiński شارەزا لە یاسای نێودەوڵەتی، باسی لایەنی یاسایی ئەو پرسە و بەجینۆساید ناساندنی دەکات.

بەشی سەرەکی دیدارەکە بریتی بوو لە سیمینارێك کە لە دوو بەش پێكهاتبوو. بەشی یەکەم لەسەر ئەنفال بوو، کە پڕۆفیسۆر کامینسکی لە وتارەکەی بەناوی “لە ژێر ڕۆشنایی یاسادا ئەنفال چی بوو؟” ڕوونی کردەوە کە بۆچی پڕۆسەی کوشتن لەدژی نەتەوەی کورد وەکو جینۆساید هەژمار دەکرێت بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی، وە گوتی چ هەلومەرجێکی یاسایی لەبەر دەست دایە بۆ پەلکێش کردنی تاوانبارانی کۆمەڵکوژی. دواتر زیاد ڕەئوف باسی ئەو چاڵاکییانەی کرد کە لە لایەن نوسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا ئەنجام دراون لە پێناو ناساندن و بڵاوکردنەوەی ڕاستییەکان لەسەر کۆمەڵکوژ کردنی کورد، لەوانە: ئامادەکردن و نوسینی ڕاڤەی یاسایی، دروست کردنی پەیوەندی هاریکاری لە نێوان وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالی حکومەتی هەرێم و مۆزەخانەی نیشتمانی ئاوشفیتز بیرکێناو لە بواری ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموون و زانیاری لەسەر چۆنیەتی پاراستنی بەڵگەنامە و دۆکومێنتەکانی ئەنفال و سیاسەتی پەروەردەیی، هەروەها پێشکەش کردنی یاداشت بە پەڕلەمانی پۆڵۆنیا بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەنفال. نوێنەری حکومەت بیری ئامادەبووانی هێنایەوە کە بەداخەوە یاداشتەکەمان بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەنفال لە لایەن پەڕلەمانی پۆڵۆنیا ڕەت کرایەوە بەهۆی وەزارەتی دەرەوەی پۆڵۆنیا. دواتر خاتوو دکتۆر ڕێناتا کورپێڤسکا کۆربوت Renata Kurpiewska-Korbut  باسی کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد و ئاماژەی دا بەوەی کە بۆچی جیهان زۆر بەهێواشی هەڵوێستی وەرگرت لەسەر کۆمەڵکوژیی کورد. زانیارییەکان بۆ گوێگرانی پۆڵۆنی زۆر جێگەی بایەخ بوون لە سیمینارەکە، پرسیاری زۆریان ئاڕاستەکرد لە بارەی تاوانی کۆمەڵکوژییەکە و هەروەها بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان.

لە نێوان پانێلەکان دووەم فیلمی دۆکومێنتاری پیشان درا، کە دکتۆر عوسمان ئەحمەد قادر لە ڕێگەی  نیگار و هێلکاری و تابلۆوە ئەنفال و کۆمەڵکوژی بەدۆکومێنت کردووە، کە ئەوەش جێگای سەرەنجی بینەران بوو.

بەشی دووەمی سیمینارەکە تەرخان کرابوو بۆ کردە کۆمەڵکوژییەکانی تری جیهان وەکو جینۆسایدکردنی ئەرمەنییەکان و هۆڵۆکوست و ئێزیدییەکان و سڕبەکان. سێرگیوش کۆڤاڵسکی Sergiusz Kowalski  لە کۆمەڵەی جووەکان Bnai Birth  لە وتارەکەی تەرکیزی کردە سەر گرنگی دان بە یادکردنەوەی کۆمەڵکوژییەکان و ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو دەنگانەی کە ئینکاری دەکەن یاخود لەو تاوانانە کەم دەکەنەوە. لە لایەکی تر دکتۆر ئارتور ڕۆجێڤیچ Artur Rodziewicz  بابەتێکی پێشکەش کرد لە بارەی کۆمەڵکوژکردنی ئێزیدییەکان بە دەستی داعش بەناوی “تراژیدیایەکی کۆتا نەهاتوو” لەسەر چۆنیەتی و ئاماری کۆمەڵکوژییەکە، هەروەها وەبیری هێنایەوە کە کارەساتی ئێزیدییەکان تا ئەمڕۆ بەردەوامە، چونکە سەدان تا ئێستا بە کۆیلەیی لە ژێردەستی داعش دان.

 لە کۆتایی هەموو گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ناوەڕۆکی هەموو کۆمەڵکوژییەکان یەك واتایان هەیە و دژی مرۆڤایەتین.

 دواتریش خوانێکی سادە و کۆنسێرتێکی موزیکی کوردی بەڕێوەچوو.