ڕۆژهه‌ڵاتی تاریك – پێشانگای هونه‌رمه‌ند ئەحمەد نەبەزە لە كراكۆڤ ،كه نماینده‌ی ڕۆژه ناخۆشه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات
تشرینی یه‌كه‌م 19, 2019, 09:35
پێشانگایه‌كی هونه‌ری له ژێر ناونیشانی ”ڕۆژهه‌ڵاتی تاریك” له شاری كراكۆڤی پۆڵۆنیا بۆ هونه‌رمه‌ندی به‌ناوبانگ ئه‌حمه‌د نه‌به‌ز ده‌كرێته‌وه.
نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌نته‌ری كەلتوری نێوده‌وڵه‌تی لە كراكۆڤ هه‌ڵستان به ڕێكخستنی ئەو پێشانگایە كه كۆمەڵێكی نایاب لە تابلۆ‌و كۆلاژو ڤیدیۆئارت تیایا نمایش كراوە وە بووه جێی بایه‌خی بینەرە پۆڵۆنیه‌كان و كه‌سانی ئه‌كادیمی و دیبلۆماتی و ڕۆژنامه‌نوسان و چه‌ندین كه‌سایه‌تی تر كە به‌شداریان كرد لە كردنەوەی پێشانگاكە ، لە نێویان سه‌رۆكی ئینستیتوتی ڕۆژھەڵاتناسی زانكۆی یاگه‌لۆنیان و جێگری سه‌رۆكی ئەكادێمیای ھونەرە جوانەكان و پەرلەمانتاران و نوێنەرانی دەسەڵاتی خۆجێیی و دەستەی دیبلۆماسی .
سه‌ره‌تای كردنه‌وه‌ی پێشانگاكه چەند وتارێك له لایه‌ن سەرۆكی سەنتەری كولتوری نێودەولەتی خاتو (ئەگاتە ڤەنسۆڤسكە پاڤلیك ) و (زیاد رەئووف)نوێنەری حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە پۆلۆنیا و له‌لایەن هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د نه‌به‌ز پێشكه‌شكرا.
زیاد ڕه‌ئووف له وتاره‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به دۆخی گشتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئه‌م دواییه‌ی ڕۆژاوا كرد و ڕایگه‌یاند ” پێشانگاكه‌ی ئه‌حمه‌د نه‌به‌ز جوانترین نمونه‌یه بۆ سه‌لماندنی ئه‌و دۆخه تاریكه‌ی كه كوردی تێكراوه و له هه‌موو لایه‌كه‌وه ژن و منداڵ و خه‌ڵكی سڤیلی بێ‌تاوان مافی ژیانیان لێ زه‌وت ده‌كرێت.
هه‌روه‌ها نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له پۆڵۆنیا سوپاسی سه‌رجه‌م پۆڵۆنیه‌كانی كرد بۆ ئه‌و پشتیوانیه‌ی كه پیشانیاندا بۆ كورده‌كان و پاڵپشتیان لێ كردن. هه‌روه‌ها داوای گه‌یاندنی هاریكاری مرۆیی و پزیشكی بۆ كوردانی ڕۆژئاوا كرد كه به زۆره‌ملێ له زێدی خۆیان ده‌ركران.
كاره هونه‌ریه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی تاریكی ئه‌حمه‌د نه‌به‌ز پێكهاتووه له ٢٤ وێنه و چه‌ند گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی كه له ساڵه‌كانی 2014-2019 دروستكراوه.
تایبه‌تمه‌ندی كاره‌كانی ئه‌حمه‌د نه‌به‌ز له‌وه‌دایه كه ته‌نها ڕه‌نگی ڕه‌ش و رەساسی به‌كارهێناوه و چه‌ند په‌ڵه‌یه‌كی سووریش له وێنه‌كانیدا به‌دی ده‌كرێن.
ئه‌م ڕه‌نگانه نماینده و سیمبۆلی بیرتاریكی داهاتووی ناوچه‌كه، به‌كۆیله‌كردنی ئافره‌ت، ناڕه‌حه‌تیه‌كانی مندڵان و ڕووبه‌روبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ توندوتیژیدا..
كاره‌كانی ئه‌حمه‌د نه‌به‌ز باس له نه‌هامه‌تیه‌كانی گه‌لی كورد ده‌كات له سه‌ده‌كانی 20 و 21 دا.
پێشانگاكه بووه جێی بایه‌خی پۆلۆنیه‌كان و ڕۆژانه به ده‌یان كه‌س سه‌ردانی ده‌كه‌ن.
پێشانگاكه‌ی ئه‌حمه‌د نه‌به‌ز له شاری كراكۆڤ تا به‌رواری 3ی تشرینی دووه‌می 2019 به‌رده‌وام ده‌بێت.