لە نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا، پێشانگایەكی فۆتۆگرافی بەناونیشانی ” ئازار و ئومێد ” کرایەوە

بە ئامادەبوونی بەڕێز زیاد رەئوف نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە پۆڵۆنیاو ژمارەیەک لە نوێنەرانی دەستەی دیپلۆماسی و رێکخراوە مرۆییەکان و سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەنووسان و ڕەوەندی کوردستانی لە وارشۆ.پیشانگایەک بە ناونیشانى ئازارو ئومێد  لە باڵەخانەی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا کرایەوە.

تابلۆکان گوزارشتیان لە ژیانى سەختى ئاوارەو پەنابەران دەکرد کە لە لایەن قەشە داریوش سمۆلێنسکی و خاتو مۆنیکە پێتکێڤیچ وێنەکان گیرابوون لەوکاتەی بۆ گەیاندنی یارمەتیە مرۆییەکان سەردانى هەرێمى کوردستانیان کردبوو.

لەسەرەتای بۆنەکە بەڕێز زیاد رەئوف نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە  پۆلۆنیا  وتارێکی پێشکەش کرد و باسی بارودۆخی ھەرێمی کوردستان و ئاوارەکانی کرد بەتایبەت پاش ڕوداوەکانی ١٦ی ئەکتۆبەر و کاریگەری ئەو ڕوداوانە لەسەر باری سەختی ئاوارەکان و ژیانی گشت دانیشتوانی کوردستان .

دواتر بەڕێز قەشە داریوش وتاری خوێندەوەو باسی سەردانەکەیان و گوفتوگۆیەکانیانی لەگەڵ ئاوارەکان کرد.

پاشان بەڕێز مەتران رەبان بەتێرو تەسەلی باسی بارودۆخی ھەرێم و ناوچەکەو ھەموو  پێکھاتەکانی کرد کە بەئومیدی داھێنانی ژیانێکی ئاشتییانەو سەقامگیرن و کۆمەلگەی نێودەولەتی ئەرکیەتی هەرێمى کوردستان بپارێزی و بەرگری لێبکا چونکە تەنیا هەرێمى کوردستان کریستیان و ھەموو پێکھاتەکان و  کەمینە ئاینیەکان و نەتەوەییەکان دەپارێزێ و بەرگریان لێدەکا .