دووەم کۆنفڕانسی زانستی بەناونیشانی “ڕۆڵی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” لە وارشۆ بەسترا

ڕۆژی دووشەممە 8ی مایس لە پاڵاسی زانست و کولتور کۆنفڕانسی “ڕۆڵی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” ئەنجام درا، کە لە لایەن نوسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا بەهاوبەشی لەگەڵ زانکۆی Collegium Civitas  ڕێکخرابوو. لە کۆنفڕانسەکە دا شارەزایانی بواری کوردناسی و پرسەکانی کوردستان لە هەموو زانکۆ بەناوبانگەکانی پۆڵۆنیا و سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوە و توێژەرانی کورد بەشدارییان کردبوو، هەروەها  ڕۆژنامەنوسان و میوانی تریش ئامادەبوون.

 کۆنفڕانسەکە بە وتاری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا دەستی پێکرد. ئاماژەی دا کە ڕۆڵی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر کاریگەرتر بووە. هەرێمی کوردستان ئێستا یاریکارێکی گرنگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەموو مانگێك سەرکردە جیهانییەکان سەردانی هەولێر دەکەن، لەوانە سەرۆك کۆمارەکان، سەرۆك وەزیرانەکان، وەزیرەکان. زیاد ڕەئوف تێبینی کرد کە ئەوەی بووەتە هۆی ئەو گۆڕانە بنچینەییە بریتین لە: سیاسەتی حەکیمانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرسوڕمانی نێودەوڵەتی بۆ ئەو ئاشتی و پێکەوەژیان و تۆلێرانسەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، هەستیاریی کورد بۆ چارەنوسی ئاوارەکان و هاوکاری کردن لە دابین کردنی شوێنی نیشتەجێ و حەوانەوە و هەروەها کاریگەریی پاڵەوانێتی پێشمەرگە لە دژی تیرۆریستانی داعش. وەکو نمونەی ئەو گۆڕانە لە هەڵوێستی نێودەوڵەتی بۆ پرسی کورد، زیاد ڕەئوف دۆخی پێشمەرگە دەخاتەڕوو کە سەردەمانی پێشوو لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فەرامۆش کرابوون بەڵام ئێستا هاوکارییان دەکرێت بە چەك و ڕاهێنان پێکردن. نوێنەری حکومەت هەروەها زانیاری بە ئامادەبووان دا دەربارەی بەردەوامی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە پاییزی ئەمساڵ و هەروەها دوای ئەوەش پلانی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی.

دوای وتاری کردنەوەی کۆنفڕانس لە لایەن نوێنەری حکومەت، چوار پانێڵ ئەنجام دران، کە تیایدا 17 توێژەر بابەتەکانیان پێشکەش کرد. بابەتەکان زۆر جیاواز بوون، هەر لە مێژووی کوردەوە، بارودۆخی سیاسی، ئابووری، ئایینی، کولتوری لە هەموو بەشەکانی کوردستان، تا دەگاتە پەیوەندی لەگەڵ نەتەوەکانی دراوسێ. هەموو پانێڵەکان بە وتووێژ کۆتایی هات.

لە کۆتاییدا پانێڵێکی وتووێژی پڕبایەخی ڕۆژنامەوانی-شارەزایی لە لایەن زیاد ڕەئوف بەڕێوەچوو. تیایدا ڕۆژنامەنوسانی گەورەترین کەناڵی تیڤی و ڕادیۆی پۆڵۆنیا بەشدارییان کرد لەوانە (داڤید ڤیڵدشتاین Dawid Wildstein  لە کەناڵی TVP، بیانکا زالێڤسکا Bianka Zalewska  هاریکار لەگەڵ کەناڵی تیڤی TVN و Bielsat TV، ئاگنێشکا لیخنێڕۆڤیچ Agnieszka Lichnerowicz  لە ڕادیۆی TOK FM) هەروەها پسپۆڕ كشیشتۆف ستراخۆتا Krzysztof Strachota  لە سەنتەری توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتناسی، گفتوگۆیان لەسەر ئەوە کرد کە بارودۆخی کورد چۆن لە پۆڵۆنیا سەیر دەکرێت، چانسی گەیشتنیان بە سەربەخۆیی، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت چۆن سیاسەتێك پەیڕەو بکات لە دۆخی ئاڵۆزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. یەکێك لە گوێگرانی پانێڵەکە بریتی بوو لە مارچین دوشێك Marcin Duszek  پەڕلەمانتاری پۆڵۆنی لە لیستی پارتی یاسا و دادپەروەری دەسەڵاتدار، کە لە وتەیەکی کورتدا پشتیوانی خۆی ڕاگەیاند بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی کورد و پۆڵۆنیا.

هەریەك لە ڕێکخراوی دەزگای پۆڵۆنی-کوردی و کۆڕبەندی دیپلۆماتانی گەنج هاوبەشی کۆنفڕانسەکە بوون.