سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی هەنگاریا و بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆبۆوە

ڕۆژی یەكشەممە 10ـی مایس ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە سەردانێكی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی  هەنگاریا گەییشتە  (بوداپێست)ـی پایتەختی هەنگاریا و لە لایەن جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و ژمارەیەك لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە پێشوازی كرا. دوای گەییشتنی بۆ شاری بوداپێست، لە لایەن پیتێر سپارتۆ وەزیری بەرگریی هەنگاریا ئێوارەخوانێك بۆ سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری ڕێكخرا.

لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەكەی بۆ وڵاتی هەنگاریا ڕۆژی دووشەممە 11ـی 5ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری سەردانی پارلەمانی هەنگاریای كرد و لەگەڵ جێگری سەرۆكی پارلەمانی هەنگاریا كۆبوونەوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا جێگری سەرۆكی پارلەمانی هەنگاریا خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی سەرۆك بارزانی دەربڕی كە بۆ جاری دووەم و لە هەمان ڕۆژی ساڵدا سەردانی پارلەمانی هەنگاریای كردووە. وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەردوولا ئەوەیشی خستەڕوو كە گەلی هەنگاریا لەگەڵ ئەوە دایە كە پەیوەندی و هەماهەنگییەكانی هەر دوو وڵات فراوانتر بكرێن و ئەوەیشی ڕاگەیاند كە بە دەنگی 70%ـی پارلەمانی هەنگاریا بڕیاری ناردنی یەكەیەكی سەربازی بۆ ڕاهێنانی پێشمەرگە داوە. لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەر دوو وڵات لە بواری ئاسەوار و كولتوور تاوتوێ كرا.

هەر هەمان ڕۆژ سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ ڤیكتۆر ئۆبان سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە كۆبوونەوە. لە كۆبوونەوەكەدا كە وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگریی و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومەتی هەنگاریا ئامادەی بوون، سەرۆك وەزیرانی هەنگاریا باسی هاوشێوەبوونی مێژووی گەلی كوردستان و گەلی هەنگاریای كرد و ڕایگەیاند كە گەلی هەنگاریا پاڵپشتی ئەو گەلانەیە كە ژێردەستیان بینیوە و خەباتكارن و حەزیان لە ئازادییە و بە ڕاشكاوییش ئەوەی باس كرد كە هەنگاریا لەگەڵ تمووحاتی گەلی كوردستانە لە هەموو دۆخێكدا.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی باسی سوپاسی هەڵوێستی گەل و حكوومەتی هەنگاریای كرد بۆ پاڵپشتیكردنی گەلی كوردستان و هاوكاریكردنی پێشمەرگە و سوپاسی بڕیاری پارلەمانی هەنگاریایشی كرد بۆ ناردنی یەكەی سەربازیی تایبەت بە ڕاهێنان و مەشقی سەربازیی پێشمەرگە. هەروەها پێشوازی كرد لە پەرەپێدان و فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی هەر دوولا لە بوارە جیاجیاكان. سوپاسی حكوومەتی هەنگاریایشی كرد كە دەرفەتی بۆ خوێندن بۆ قوتابیانی كوردستان لەم وڵاتە ڕەخساندووە. سەرۆك بارزانی بە فەرمی سەرۆك وەزیرانی هەنگاریای بانگهێشت كرد بۆ ئەوەی سەردانی كوردستان بكات.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بە تێروتەسەلی پەیوەندییە ئابووریی و سەربازییەكانی هەردوولا لە بواری نەوت و مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

دوای كۆبوونەوەكەی لە پڕێسكۆنفڕانسێكدا سەرۆك بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەنگاریا ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەیان بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن خستەڕوو و وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانیان دایەوە.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 11ـی 5ـی 2015 سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ پیتێر زیجارتۆ وەزیری دەرەوەی هەنگاریا كۆبوونەوە و پەیوەندییەكانی هەردوولا و بەرزكردنەوەی ئاستی نوێنەرایەتیی هەنگاریا لە هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا.

هەر هەمان ڕۆژ سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ جانۆس ئادێر سەرۆك كۆماری هەنگاریا كۆبوونەوە و تێیدا باس لە مێژووی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان كرا و سەرۆك كۆماری هەنگاریا سوپاسی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان و پێشمەرگەی كرد بۆ ئەو ڕۆڵە كاریگەرەی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا هەیانە. سەرۆك بارزانیش سوپاسی هەڵوێستی گەل و حكوومەتی هەنگاریای كرد بۆ پشتیوانیكردنی گەلی كوردستان.

لەم كۆبوونەوەیەدا چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هەنگاریا خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوە و دیدارانەدا مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و دەرباز كۆسرەت ڕەسول وەزیری ئاوەدانكردنەوە و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم یاوەری سەرۆك بارزانی بوون.