زیاد ڕەئوف لەگەڵ دەستەی دیپلۆماتی دەستپێکردنی “ساڵی تادێوش کۆشچوشکۆ”ی لە پۆڵۆنیا بەرز ڕاگرت

لە شاری کراکۆڤ دەسپێکی بۆنەی “ساڵی تادێوش کۆشچوشکۆ” بەڕێوەچوو – پاڵەوانی نەتەوەیی نەك تەنها لە پۆڵۆنیا بەڵکو لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش. زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا بەهاوبەشی لەگەڵ دەستەی دیپلۆماتی تاجە گوڵینەی لە سەنتەری شاری کڕاکۆڤ لەسەر ئەو شوێنە دانا کە بەشێوەیەکی سیمبۆلی دیاری کراوە وەکو ناوچەی دەستپێکی ڕاپەڕین لە ساڵی 1794 لە لایەن تادێوش کۆشچوشکۆ Tadeusz Kościuszko.

پەڕلەمانی پۆڵۆنیا ساڵی 2017 ی وەکو ساڵی تادێوش کۆشچوشکۆ دیاری کرد بە بۆنەی تێپەڕبوونی دووسەد ساڵ بەسەر مردنی ناوبراو. تادێوش کۆشچوشکۆ لە ساڵی 1746 لە دایك بووە. بەهرەی تایبەتی هەبووە لە بواری سەربازی. لە گەنجیدا وڵاتی پۆڵۆنیای بەجێ هێشتووە و لە ڕێگای فەڕەنسا چووەتە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. یەکێك بوو لە پاڵەوان و پلان دانەرەکانی ئەمریکا لە جەنگی سەربەخۆیی. ناوبراو لەوێدا بەرزترین پلەی جەنەڕالی وەرگرت و تا ئەمڕۆ وەکو پاڵەوانەی نەتەوەیی لە ئەمریکا سەیر دەکرێت.

دوای سەرکەوتنی جەنگ، تادێوش کۆشچوشکۆ گەڕایەوە بۆ پۆڵۆنیا، کە ووردە ووردە دەکەوتە ژێر دەستی ڕوسیا و پڕوس و ئۆستریا. لە ساڵی 1794 تادێوش کۆشچوشکۆ سەرۆکایەتی ڕاپەڕینێکی نەتەوەیی کرد. تیایدا هێزی هەر سێ وڵات پێکەوە سەرکەوتن بەسەر سوپای پۆڵۆنیا، بەڵام ئەو ڕاپەڕینە تا ئەمڕۆ ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا. کۆشچوشکۆ بۆ یەکەم جار لە مێژووی وڵاتی پۆڵۆنیادا توانی جوتیاران ڕابکێشێت بۆ ڕاپەڕین، ئەوەش لە ڕێگای ئەو چاکسازیە ئابووری و کۆمەڵایەتییەی کە ئەنجامی دا.

دوای سەرکوت کردنی ڕاپەڕینەکە، کۆشچوشکۆ بە دیلی کەوتە دەست سوپای ڕوسیا. دوای دوو ساڵ ئازاد کرا بەو مەرجەی سوێند بخوا کە ئیتر نەگەڕێتەوە بۆ پۆڵۆنیا. ناوبراو گەشتی بەناو وڵاتانی ئەوڕوپا کرد، لە هەموو شوێنێك بە ڕێز و حورمەتەوە پێشوازی لێکرا. لە ساڵی 1817 لە وڵاتی سویسڕا کۆچی دوایی کرد.

شایانی باسە، هەریەك لە جۆرج واشنتۆن و ناپۆلیون بۆناپەرت دانیان بە بەهرە و ئازایەتی تادێوش کۆچشکۆ داناوە. کۆشچوشکۆ سەرەتایەکی تازەی هێنایە ناو خەباتی پۆڵۆنیا “لە پێناو ئازادی ئێمە و ئێوە” – بەدرێژایی سەدەی نۆزدەهەم پۆڵۆنییەکان نەك تەنها لەپێناوی ئازادی نیشتمانی خۆیان دەجەنگان، بەڵکو هاوکاری هەموو جوڵەیەکی ڕزگاریی نەتەوەیی ئەوڕوپایان دەکرد.

pic 2 (2)

Tadeusz_Kościuszko