زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەت بەشداری دەکات لە دیداری دەستەی دیپلۆماتی لەگەڵ پارێزگاری هەرێمی شلۆنسکی

لە شاری کاتۆڤیچا Katowice پایتەختی هەرێمی شلۆنسکی Śląskie  دیدارێکی ساڵانە بە بۆنەی جەژنی سەری ساڵ بەڕێوەچوو، کە تیایدا دەستەی دیپلۆماتی شارەکانی باشووری پۆڵۆنیا بانگهێشت کرابوون. خودان دیدارەکە پارێزگاری هەرێمی ناوبراو  بەڕێز پیۆتر ڤیێچۆرێك Piotr Wieczorek  بوو. لە دیدارەکە زیاتر لە دە کۆنسوڵ بەشدارییان کردبوو، لەوانە کۆنسوڵانی گشتی و فەخری شاری کڕاکۆڤ و کاتۆڤیچا و هتد. وەك هەموو ساڵێك زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا بانگهێشت کرابوو بۆ بۆنەکە.

بۆنەکە بە پیرۆزبایی کردنی جەژنانە لە ئامادەبووان دەستی پێکرد لە لایەن پارێزگاری هەرێمی شلۆنسکی و هەروەها وتەیەکی کورتی کۆنسوڵی گشتی وڵاتی هنگاریا لە کڕاکۆڤ. دواتر زیاد ڕەئوف وتەیەکی پێشکەش کرد، تیایدا ئاماژەی بە قوربانی و پاڵەوانێتی هێزی پێشمەرگە کرد لە ساڵی 2016 دا، کە چۆن دلێرانە بەرەنگاری تیرۆریستانی داعش بوونەوە و ئازایەتیان لە لایەن سەرکردەکانی جیهانەوە ئاماژەی پێ دراوە. لە هەمان کاتدا کوردستان دووچاری زەحمەتی زۆر بووە بەهۆی وەرگرتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە. نوێنەری حکومەت سوپاسی هەموو ئەو وڵاتانەی کرد کە هاوکاری هەرێمی کوردستانیان کردووە لە ڕووی سەربازی و مرۆیی، لە هەمان کاتدا سەرەنجی دا کە هاوکاری بەردەوام پێویستە، بە تایبەت بانگەوازی کرد بۆ چارەسەرکردنی بریندارانی پێشمەرگە لە نەخۆشخانەکانی پۆڵۆنیا. زیاد ڕەئوف لە کۆتایی قسەکانی جەژنە پیرۆزەی لە هەمووان کرد و هیوای خواست ساڵی 2017 کۆتایی بە تیرۆریزمی جیهانی بێت.

لە کۆتاییدا نوێنەری حکومەت گفتوگۆیەکی لەگەڵ پارێزگاری شلۆنسکی ئەنجامدا، تیایدا پشتیوانی و هاوسۆزی بۆ کوردستان دووپات کردەوە. ڕایگەیاند کە بابەتی وەرگرتنی بریندارانی پێشمەرگە لە نەخۆشخانەکانی پارێزگاکە تاوتوێ دەکات.

بۆنەکە بە پڕۆگرامێکی هونەری و خوانێکی سادە کۆتایی هات.  مانگی یەنار لە وڵاتی پۆڵۆنیا مانگێكە کە هەموو دام و دەزگا سەربەخۆ و حکومییەکان دیداری تایبەت بە سەری ساڵ ڕێكدەخەن، تیایدا بەرەنجامی ساڵی ڕابردوو دەخرێتە ڕوو و پلانیش بۆ ساڵی نوێ نیشان دەدرێت.

pic 1 (2)

pic 3

unnamed

unnamed (1)

unnamed (2)