زیاد ڕەئوف لە پەخشێکی ڕادیۆییدا گفتوگۆ لەبارەی پێشمەرگە و ئاوارەکان و بارودۆخی هەرێمی کوردستان دەکات
كانونی یهكهم 7, 2015, 11:18زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا، میوانی پەخشێکی ڕادیۆیی بەناونیشانی “ڕاپۆرت لەبارەی دۆخی جیهان” بوو، کە لە لایەن ڕۆژنامەنوس داریوش ڕۆشاك Dariusz Rosiak پێشکەش دەکرێت لە پڕۆگرامی 3ی ڕادیۆی پۆڵۆنیا.
سەرەتای گفتوگۆکە بە پیرۆزبایی کردنی زیاد ڕەئوف لە ڕۆژنامەنوس داریوش ڕۆشاك دەستی پێکرد، کە بە هۆی پەخشی “ڕاپۆرت لە کوردستانەوە” خەڵاتی پرێستیژی ساڵانەی وەرگرت لە لایەن ئاژانستی ڕاگەیاندنی پۆڵۆنیاوە.
داریوش ڕۆشاك لە گفتوگۆکانی لەگەڵ نوێنەری حکومەت، زۆرتر جەختی کردەوە سەر بیرهێنانەوەی بیسەران بۆ گرنگترین ئەو ڕووداوانەی، کە بارودۆخی هەرێمی کوردستان دیاری دەکەن. بۆ جارێکی تر تێبینی کرد، کە پێشمەرگە تاکە هێزی ووشکانییە، هەموو ڕۆژ لە دژی تیرۆریستانی داعش دەجەنگێت و داوای لە زیاد ڕەئوف کرد بارودۆخی ئێستای بەرەکانی جەنگ بخاتە ڕوو.
زیاد ڕەئوف تیشکی خستە سەر ئەوەی کە پێشمەرگە بە درێژایی زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر لە دژی تیرۆریستان لە جەنگدایە، لە جیاتی جیهان و ئەوڕوپا تێدەکۆشن. حاڵی حازر بەشێوەیەکی کاریگەر بەرەو پێش جوڵەدەکەن. تێبینی کردە سەر ئازادکردنەوەی شارۆچکەی شەنگار. ئاماژەی دا کە ئازادکردنەوەی شارۆچکەکە تەنها بڕینی ڕێگەی نێوان موسڵ و ڕەققە نیە. ئەگەر بە یارمەتی هاوکاری نێودەوڵەتی ئەو شارۆچکەیە ئاوەدان بکرێتەوە، ئەوا دەیان هەزار ئاوارە دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، کە ئەوەش دەبێتە هۆی کەم کردنەوەی قەیرانی مرۆیی پەیوەست بە ئاوارەکان لە ناوچەکە.
هەروەها داریوش ڕۆشاك پرسیاری کرد، ئایا دەسەڵاتی کوردی ئەو هاوکارییە نێودەوڵەتییەی کە وەری دەگرێت بەشی ئەوە دەکات پێداویستییەکانی ئاوارەکانی پێ دابین بکات کە ژمارەیان 1.8 ملیۆن کەس دەبێت. زیاد ڕەئوف تێبینی کرد، کە ئەو هاوکاریە لە ئاستی پێویست دا نیە. هەروەها گوتی “بەداخەوەم” کە هێشتا جیهان بە پێی پێویست ئاوڕی لە قەیرانی سەختی مرۆیی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان نەداوەتەوە. هەروەها نوێنەری حکومەت سەرەنجی ئەوەیدا، کە ئێستا وڵاتانی ئەوڕوپا دەرگاکانیان بە ڕووی ئاوارەکان دادەخەن، کورد پردی دروست کرد بۆ پەڕاندنەوەی خەڵکی لێقەوماوی سوریا بۆ کوردستان، هەروەها لەو کاتەی کریستیانەکان هەڕەشەیان لەسەر بوو لە ناوچەکانی تری عێراق، سەرۆك مەسعود بارزانی خۆی بانگەوازی کرد و داوای لێکردن بێنە کووردستان و ئێمە ئاساییشیان بۆ دەستەبەر دەکەین و ژیانیان دەپارێزین.
داریوش ڕۆشاك هەروەها پرسیاری دەربارەی بارودۆخی ڕۆژئاوا کرد. زیاد ڕەئوف ئاماژەی دا کە کورد لەوێش ئازایەتی و پاڵەوانێتی لە دژی تیرۆریستان نیشاندا. داوای هاوکاری نێودەوڵەتی کرد بۆ ئاوەدان کردنەوەی شاری کۆبانێ، چونکه دەبێتە هۆی گەڕانەوەی هەزاران ئاوارەی خەڵکی شارەکە و کەم بوونەوەی قەیرانە مرۆییەکە.
نوێنەری حکومەتی هەرێم گفتوگۆکەی بە داوای هاوکاری مرۆیی و سەربازی بۆ هەرێمی کوردستان کۆتایی پێ هێنا.
تەواوی پەخشەکە لێرە دادەنێین. گفتوگۆکانی زیاد ڕەئوف لە خولەکی 36 دەست پێدەکات.
