زیاد ڕەئوف پێشوازی لە میدیاکاران و سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوەی پۆڵۆنیا دەکات بەبۆنەی ساڵی نوێ

 بەبۆنەی ساڵی نوێ زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا دیدارێکی بۆ نوێنەرانی میدیا وسەنتەرەکانی لێکۆڵینەوەی پۆڵۆنیا لە نوسینگەی نوێنەرایەتی ڕێكخست لە وارشۆ. لە دیدارەکەدا زیاتر لە 30 ڕۆژنامەوانی تەلەڤزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامە و شارەزایانی پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشدارییان کردبوو.

سەرەتا نوێنەری حکومەت بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد. سوپاسی هەموو ڕۆژنامەنوس و توێژەرانەی کرد کە لە ساڵی ڕابردوودا لەسەر پرسی کورد کاری زۆریان کردووە، بە تایبەتی سوپاسی ئەوانەی کرد کە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد. تێبینی ئەوەی کرد کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەت و وتارەکانی ئەوان، لە وڵاتی پۆڵۆنیا پرسی کورد جار لە جار زۆرتر گەشەدەکات و لە لایەن هاوڵاتییانەوە دەناسرێت. بیری هێنانەوە کە نوسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە پۆڵۆنیا هەردەم کراوەیە بۆ هاریکاری لەگەڵ ڕۆژنامەوانان و توێژەران. نوێنەرایەتی لە نوێترین زانیارییەکان دەربارەی کوردستان و ئەو میوانە کوردە جێ بایەخانە ئاگادارییان دەکاتەوە کە سەردانی وڵاتی پۆڵۆنیا دەکەن، هەروەها هاوکارییان دەکات لە کاتی سەردانیان بۆ کوردستان.

لە دیدارەکە بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و ئۆپەڕاسیۆنی ڕزگارکردنەوەی موسڵی ڕوون کردەوە، ئاماری هاتنی ئاوارەکان و پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدای خستەڕوو. هەروەها بەرەنجامی گرنگترین چاڵاکییەکانی ساڵی ڕابردوو و پلانی نوێی بۆ ساڵی 2017  پیشاندا.

دوای وتارەکە میوانەکانی بانگهێشت کرد بۆ خوانێك، کە تیایدا گفتوگۆ دوو قۆڵییەکان بەردەوام بوون. چاوپێکەوتنەکە بووەی هۆی ئەوەی کە نوێنەری حکومەت بانگهێشت بکرێت بۆ ئەنجام دانی دیمانە و چاوپێکەوتنی تر لەگەڵ ڕادیۆ و ڕۆژنامەنوسان، تاکو پرسەکانی تایبەت بە کوردستان زیاتر لە میدیاکانی ئەو وڵاتە بڵاو بێتەوە.

pic 2pic 3