چاوپێکەوتن لە یانەی ڕۆژنامەنوسان “Pod Gruszką”

 ڕۆژی چوارشەممه 13ی مایس زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا بانگهێشت کرا بۆ دیدارێك لە یانەی ڕۆژنامەنوسان “Pod Gruszką” لە شاری کڕاکۆڤ.

دیدارەکە تەرخان کرابوو بۆ بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان، هەروەها جەنگی دژ بە تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی و دۆخی نالەباری ئاوارەکان و چارەنوسی کریستیانەکان لە هەرێمەکه.

لە سەرەتای دیدارەکه زیاد ڕەئوف پێشەکیەکی خسته ڕوو لەبارەی مێژووی کورد و هەلومەرجەکانی سەرهەڵدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. گرنگترین زانیاری لەبارەی هەرێمی کوردستان وبارودۆخی ئێستای ناوچەکه نیشانی ئاماده بووان دا.

لە بەشی دواتری دیدارەکه هەر سێ ڕۆژنامەنوسی پۆڵۆنیا: Maciej Grabys , Witold Gadowski  و Michał Król باسی سەردانەکەی خۆیان کرد کە لە مانگی مارس و ئەپریلی ئەمساڵ بۆ هەرێمی کوردستان ئەنجامیان دابوو. ڕۆژنامەنوسانی ناوبراو یەکەم فیلمی دۆکومێنتاری ئاماده دەکەن لەسەر کریستیانەکان و دەربەدەر کردنیان لە لایەن دەوڵەتی ئیسلامی. ڕۆژنامەنوسان باسی گفتوگۆکان و دیدارەکانیان کرد، کە لەوێدا ئەنجامیان دابوو، ئازایی و دلێریی پێشمەرگەیان زۆر بەرز نرخاند، هەروەها ئەو  خزمەت و سەرپەرشتیەی کە کریستیانەکان لە لایەن کوردەوه لێیان دەکرێت. ناوبراوان پێشتر زۆر گەشتیان بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووه، ئاماژەیان بەوەدا کە لەچاو وڵاتانی دراوسێ بارودۆخی کریستیانەکان لە کوردستان “شاهانەیە”.

پاش وتەکانی ڕۆژنامەنوسان، گفتوگۆیەکی پڕ بایەخ بەڕێوه چوو لەبارەی داهاتووی کوردستان و ئەگەرەکانی بانگی سەربەخۆیی، هەروەها هۆکارەکانی سەرهەڵدانی گڕوپی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی و گەشەکردنی.

شایانی باسە چاوپێکەوتن لە یانەی ڕۆژنامەنوسان بە بایەخی زۆرەوه لە لایەن ئاماده بووانەوه سەیرکرا. ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی کە ڕێژەیان زیاتر لە 80 کەس دەبوو، ئاماده بوون،  زۆربەیان ڕۆژنامەنوس و کەسایەتی گۆڕەپانی زانست و کەسانی ئاسایی و ئەوانەی گرنگی بە بارودۆخی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کریستیانەکان دەدەن.