پێشمەرگە لەجیاتی ئێمە شەڕدەکات – بۆچوونی جێگری سەرۆك پەڕلەمانی ئەوڕوپا دوای سەردانێکی بۆ هەرێمی کوردستان
كانونی دووهم 12, 2016, 10:23“پێشمەرگەکان لەپێناوی کوردستان لە جەنگدان، بەڵام لە هەمان کاتدا بەرگری لە شارستانیەت و کولتوری هەمەلایەنی ڕۆژئاواش دەکەن. کریستیانەکان دەپارێزن لە کۆمەڵکوژی یەك لەدوای یەك”. لە چاپی دوێنیی “ڕۆژنامەی پۆڵۆنیا هەموو ڕۆژ”، ڕیشارد چارنێچسکی Ryszard Czarnecki جێگری سەرۆك پەڕلەمانی ئەوڕوپا، بەرەنجامێکی زۆر جێ بایەخی لەسەر سەردانی هەفتەی ڕابردووی بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
لە وتارەکەیدا بەناونیشانی “پێشمەرگە لە جیاتی ئێمە شەڕدەکات” ڕیشارد چارنێچسکی گفتوگۆ دەکات دەربارەی پڕۆگرامی مانەوەی لە هەرێمی کوردستان، چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێز مەسعود بارزانی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەڕێز کاك فەلاح موستەفا، فەرماندەکانی پێشمەرگە، هەروەها سەردانی بەرەکانی جەنگ لە دژی داعش و کامپەکانی ئاوارەکان. بەزانیاری زۆرەوە لەسەر بابەتەکە، پێگەی هەرێمایەتی کوردستان لە کاتی ئێستادا و هەروەها خاڵە هاوبەشەکانی نێوان نەتەوەی کورد و پۆڵۆنیا وێنەدەکێشێت.
جێگری سەرۆك پەڕلەمانی ئەوڕوپا وتارەکەی بە چەند بەرەنجامێكی گرنگ کۆتایی هێنا. ئاماژە بەوە دەکات کە هەرێمی کوردستان هاوکارییەکی مرۆیی نێودەوڵەتی کەم وەردەگرێت بۆ ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمەکە. هەروەها تیشك دەخاتە سەر ئەوەی، کە هەرچەند زۆرتر هاوکاری ئاوارەکان بکەین لەسەر زێدی خۆیان بۆ نمونە لە کوردستان، ئەوەندە کۆچی بە کۆمەڵی پەنابەران بۆ ئەوڕوپا کەم دەبێتەوە. ڕیشارد چارنێچسکی سوپاسگوزاری پێشكەشی دەسەڵاتدارانی کوردستان و پێشمەرگە دەکات بۆ پاراستنی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان لەوانە کریستیانەکان، هەروەها بۆ ئەو چارەسەرییە سیاسییانەی هەرێمی کوردستان کە گەرەنتی ئامادەیی نوێنەرانی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان دەدات لە پەڕلەمان دا.
نیوەی وتارەکە لە لینکی” ڕۆژنامەی پۆڵۆنیا هەموو ڕۆژ” دەتوانن ببینن:
http://gpcodziennie.pl/46481-peszmergowie-walcza-za-nas.html#.VpS7zxXhDIV
