ئاهەنگی نەورۆز لە شاری کڕاکۆڤ بە خەڵاتکردنی زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەت کۆتایی هات

یادی جەژنی نەورۆز لە شاری کڕاکۆڤ کرایەوە، کە یەکێك بوو لەو دوو ئاهەنگەی نوسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا ڕێکی خست، ئەوەش بەهۆی ئەو پەیوەندیە تایبەتیەی کە هەرێمی کوردستان بە هەرێمی مالۆپۆڵسکا دەبەستێتەوە – ڕێککەوتننامەی دۆستایەتی، هاریکاری چەندساڵەی پەروەردەیی و ئابووری، هەروەها هاوکاری مرۆیی بۆ ئاوارەکان لە کوردستان. ئاهەنگی دووەمی نەورۆز لە وارشۆی پایتەخت بەڕێوەچوو.

لە نەورۆزی کڕاکۆڤ زیاتر لە 200 کەس بەشدارییان کرد کە بریتی بوون لە نوێنەرانی دەسەڵاتی ناوەندی (پەڕلەمانتاران،  ئەندامانی ئەنجومەنی پیران، پارێزگاری هەرێمی مالۆپۆڵسکا)، دەسەڵاتدارانی خۆجێیی (جێگری سەرۆکی هەرێمی مالۆپۆڵسکا)، دەستەی دیپلۆماتی و نوێنەرانی سەربازی، نوێنەرانی گۆڕەپانی ئەکادیمی (سەرۆك و جێگرانی سەرۆکی پێنج زانکۆ)، دام و دەزگای زانستی و کولتوری، هەروەها ڕۆژنامەنوسان و دۆستانی کورد و ڕەوەندی کورد لە هەموو پۆڵۆنیاوە.

سەرەتا زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا وتارێکی پێشكەش کرد. سەرەتای قسەکانی بە باسی گرنگیی مانگی مارس لە مێژووی کورد دەستپێکرد، کە مانگێکی پڕ لە کارەساتی خەفەتبار و لە هەمان کاتدا جەژن و خۆشییە. نوێنەری حکومەت قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی لە جەنگی دژی داعش بیری ئامادەبووان هێنایەوە، کە بەناوی هەموو شارستانیەت دەجەنگن، هەروەها لەباوەش گرتنی ملیۆنێك و هەشتسەد هەزار ئاوارە لە هەرێمی کوردستان، لەوانەش دواهەمین شەپۆڵی ئاوارەکانی موسڵ. بەو بۆنەیە بە دەرفەتی زانی سوپاسی دەسەڵاتدارانی هەرێمی مالۆپۆڵسکا و ڕێکخراو و دەزگا خێرخوازییەکان و هەموو خەڵکی پۆڵۆنیا بکات کە هاوکاری مرۆییان پێشکەشی ئاوارەکان کردووە.

زیاد ڕەئوف ئاماژەی دا کە سەربەخۆیی کوردستان جار لە جار زیاتر واقیعی ترە و گفتوگۆی بەردەوام ئەنجام دەدرێت لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا و سەرکردەی وڵاتانی جیهان. نوێنەری حکومەت ڕایگەیاند کە نوێنەرایەتیمان لە پۆڵۆنیا دووپاتی دەکاتەوە کوردستان دۆستێکی ڕاستەقینەیە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و هەموو سیمایەکی وڵاتی سەربەخۆی تێدایە.

دواتر ڤۆیچێخ کۆزاك Wojciech Kozak جێگری سەرۆکی هەرێمی مالۆپۆڵسکا وتارێکی پێشکەش کرد. ناوبراو ئاماژەی بە پەیوەندی نێوان کورد و پۆڵۆنیەکان کرد، بەتایبەتی خەباتی هەردوو نەتەوە بۆ ئازادی. سەرەنجی دا کە پۆڵۆنیاش ئازاری ژێردەستەیی دیتووە کە دواتر توانی خۆی لێ دەرباز بکات. هیوای هەمان شتیتی بۆ کورد خواست. وتارەکەی ڤۆیچێخ کۆزاك بەشێوەیەکی تایبەت کۆتایی هات. ناوبراو “خاچی مالۆپۆلسکا” ی پێشکەشی زیاد ڕەئوف کرد کە خەڵاتێکی زێڕی فەخریی هەرێمی مالۆپۆڵسکایە. نوێنەری حکومەت خەڵاتکرا لەپای ئەو بەشدارییە چاڵاکەی کە هەیەتی لە هاریکاری نێوان هەرێمی مالۆپۆڵسکا و هەرێمی کوردستان، هەروەها پاراستنی کەلەپوری مالۆپۆڵسکا و یارمەتی دانی نەخۆشخانەکانی هەرێمەکە. نوێنەری حکومەت لە بەرانبەردا سەرسامی خۆی نیشان دا زۆر سوپاسی جێگری سەرۆکی هەرێمی کرد، ڕایگەیاند کە ئەوە شانازییەکی گەورەیە و وای لێدەکات زیاتر بەشداری چاڵاکی هەبێت لەو پرسانە.

هەروەها سەرۆکی دەستەی دیپلۆماتی شاری کڕاکۆڤ خاتوو ئادریاننا کۆرمێندی Adrienne Kormendy کۆنسوڵی گشتی هنگاریا وتارێکی کورتی پێشکەش کرد. بەناوی هەموو کۆنسولەکان پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لە گەلی کورد کرد و هیوای ئاشتی خواست.

دوای زنجیرەیەك وتار، پرۆگرامێکی کولتوری پێشکەش کرا. شایی و گۆڤەندی کوردی بەڕێوەچوو، دواتر میوانەکان بانگی خوانی ئێوارە کران. ئاهەنگەکە تا نیوەی شەو بەردەوام بوو.

pm0_2432_170319

pm0_2209_170319

pm0_2839_170319

pm0_2714_170319