پلانی نوێ بۆ هاوکاری کردنی ئاوارەکان لە دیدارێك لەگەڵ نوێنەرانی ڕێکخراوە خێرخوازییەکان لە نوسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە پۆڵۆنیا تاوتوێ کرا

زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا وەك هەموو ساڵێك نوێنەرانی ئەو ڕێکخراو و دەزگا خێرخوازییانەی بانگهێشت کرد کە لە هەرێمی کوردستان هاوکاری ئاوارە و لێقەوماوان دەکەن. لە چاوپێکەوتنەکە هەموو دەست پێشخەری و بەرەنجامی ساڵی ڕابردوو خرانە بەر باس و گفتوگۆش لەسەر پلانە تازەکان کرا. لە بۆنەکەدا نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی پۆڵۆنیا و باڵوێزی پاناما و نوێنەرانی 9 ڕێکخراو و دەزگای خێرخوازی ئامادەبوون. میوانی تایبەتی دانیشتنەکە بەڕێز مەتران ڕەببان ئەلقەس بوو لە دهۆکەوە.

بۆنەکە بە وتار و پێشوازی کردنی نوێنەری حکومەتی هەرێم لە میوانەکان دەستی پێکرد. ئاماری تازەی ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان و پێداویستییەکانی نیشان دا. سەرەنجی دا کە هاوکاری نێودەوڵەتی بەردەوام پێویستە بەهۆی سنورداریی تواناکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها شەپۆڵی نوێی ئاوارەکان، کە بەهۆی ئۆپەڕاسیۆنی ئازاد کردنەوەی موسڵ ڕوویان لە هەرێم کردووە. لە هەمان کاتدا زیاد ڕەئوف سوپاسی کردن بۆ هەموو هاوکاری و هەوڵەکانیان و ئاماژەی دا کە ئەو کۆمەك و هاوکارییانە بەدڵنیاییەوە بونەتە هۆی ڕزگار کردنی ژیانی هەزاران کەس.

دواتر نوێنەری حکومەت داوای لە هەریەکە لە نوێنەرانی دەزگاکانی ناوبراو کرد کە چاڵاکی و کارەکانیان کە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامیان داوە بخەنەڕوو، بۆ ئەوەی ئەو ڕاستیانە بگەیەنرێنە لایەنی پەیوەندیدار و میدیاکان. داوای لە نوێنەرانی ڕێکخراوەکان کرد کە لە ئەگەری هەبوونی هەر پرسیار و کێشەیەك ڕاستەوخۆ نوسینگەی نوێنەرایەتی ئاگادار بکەنەوە.

یەکەم کەس لەوانەش باڵوێزی پاناما ئێنریکێ زاراكEnrique Zaraq وتەیەکی پێشکەش کرد. باسی سەردانەکەی ساڵی ڕابردووی کرد بۆ هەرێمی کوردستان، کە خۆی هاوکارییەکانی گەیاندە ئاوارەکان، کە لە لایەن سەرۆکی پاناما بەڕێز خوان کارلۆس ڤارێل Juan Carlos Varel پارەدار کرابوو. هەروەها باسی چاوپێکەوتنی خۆی کرد لەگەڵ وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان. تێبینی کرد کە هەرێمی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مێرگێکی ڕاستەقینەی ئاشتیە کە هەموو ئایین و نەتەوە جیاوازەکان پێکەوە ژیان دەگوزەرێنن. باڵوێز هیوای خواست لە ساڵی نوێدا ڕێکخراوە خێرخوازییەکانی جیهان وەکو ساڵی ڕابردوو بەردەوام بن لە پێشکەش کردنی هاوکارییەکانیان بۆ ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان.

دواتر خاتوو یۆئاننا پاڤیلێك مێندێس Joanna Pawełek-Mendes لە وەزارەتی دەرەوەی پۆڵۆنیاوە وتارێکی پێشکەش کرد. ناوبراو هەواڵێکی گرنگی ڕاگەیاند، کە دەسەڵاتی پۆڵۆنیا لە ساڵی نوێدا هاوکارییەکان دەکاتە دوو ئەوەندە بۆ ئاوارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. نوێنەری وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی دا کە پۆڵۆنیا بەردەوام دەبێت لە هاوکاری کردنی هەرێمی کوردستان, وە هاوژیانیی پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێم بەرز دەنرخێنێت.

دواتر نوێنەرانی 9 ڕێکخراوی خێرخوازی پۆڵۆنیا قسەی خۆیان کرد: هاوکاری کڵێسا بکە لە پێویستیدا Pomoc Kościołowi w Potrzebie، کاریتاس پۆڵسکا Caritas Polska، ڕێکخراوی هەڵمەتی مرۆیی پۆڵۆنیا Polska Akcja Humanitarna، ئاننا ڤالچك Anna Walczyk، ڕێکخراوی شاندی پۆڵۆنیای پزیشکی Polska Misja Medyczna، سەنتەری پۆڵۆنیا بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی Polskie Centrum Pomocy Międzynarodowej – PCPM، دەزگای خێرخوازی SOS For Life، دەزگای ئۆرلا ستراژ Orla Straż، خاچی سوری پۆڵۆنی Polski Czerwony Krzyż. هەریەك لەو دەزگا و ڕێکخراوانە لە ساڵی 2016 بەشێوەیەکی بەردەوام هاوکارییان پێشکەشی هەرێمی کوردستان کردووە. لە ساڵی نوێدا ڕێکخراوە پۆڵۆنییەکان پلانیان هەیە بەردەوام بن لە کۆمەك کردن، لەوانە ناردنی شیری قوتو بۆ منداڵانی ئاوارە، ناردنی کارتۆنی خۆراك و پۆشاك، کۆمەكی دارایی، دابین کردنی ئامێری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکان، ناردنی پزیشکی پۆڵۆنی، دابەش کردنی داوودەرمان بەخۆڕایی لە کامپی ئاوارەکان، هاوکاری کردنی خانەوادەی پێشمەرگە شەهیدەکان.

لە کۆتاییدا میوانی تایبەت مەتران ڕەببان ئەلقاس وتارێکی پێشکەش کرد. ناوبراو بە گەرمی پێشوازی لێکرا، چونکە هەندێك لە نوێنەرانی ڕێکخراوە خێرخوازییەکان پێشتر لە کوردستان دەرفەتیان ببوو چاویان پێی بکەوێت و لە نزیکەوە ببینن کە چ هەوڵێك دەدات بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوان لە کوردستان.

مەتران ڕەببان سوپاسی هەموو ڕێکخراو و دەزگا خێرخوازییانەی کرد کە هاوکارییان پێشکەشی ئاوارەکان لە کوردستان کردووە و ئاماژەی دا، کە کوردستان شوێنێکە تیایدا شوێن کەوتووانی هەموو ئایینەکان بە ئاشتی و ئارامی پێکەوە دەژین. هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەرزنرخاند لە هاوکاری کردنی کریستیانەکان و لێقەوماوانی ئایینەکانی تر. مەتران رەببان سەرەنجی دا کە پێویستە بەردەوام یارمەتی ئاوارەکان بدرێت تاکو هەوڵی کۆچ کردن بەرەو ئەوڕوپا نەدەن، بەڵکو لە کوردستان بمێننەوە و مۆزایکی ئایینی و نەتەوەیی بپارێزن. ناوبراو دووپاتی کردەوە کە کوردستان بە هۆی ئەو ئارامی و ئاساییش و لێبوردەییەی هەیەتی لە ناوچەکە و ڕۆڵی گرنگی لە جەنگی دژ بە داعش، شایانی ئەوەیە سەربەخۆ بێت.

مەتران ئاماژەی دا کە لە ناوچە ڕزگار کراوەکانی ژێر دەستی داعش وەك چۆن هاوکاری مرۆیی پێویستە، ئاواش هاوکاری پەروەردەیی پێویستە، بۆ پاك کردنەوەی خەڵك لە ئایدۆلۆژیای توندڕەوی داعش، دووبارە بونیاد نانەوەی یەکێتی و متمانە لە نێوان تاکەکان.

دیدارەکە بەوە کۆتایی هات کە دەست بە پەیوەندییەکان بگرن و هاریکارییەکان بەردەوام بن.

234