یادی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز لە پۆڵەندا بەرز ڕاگیرا

دوێنێ سێشەممە بەرواری ٥ی خاکەلێوی ٢٧١٩ی کوردی بەرامبەر بە ٢٦ی ئاداری ٢٠١٩، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا یادی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزی کردەوە. لە یادەکەدا چەندین کەسایەتی بەناوبانگی پۆڵەندی و بیانی بەشداریان کرد، لەوانە:

(نوێنەرانی حکومەتی پۆڵەندی و وەزارەتەکانی دەرەوە و دارایی و ئابووری، نوێنەرانی حکومەتە خۆجێییەکان، پەرلەمانتارانی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا و پەرلەمانی پۆڵۆنیا، باڵوێز و سەرکونسوڵ و کونسوڵی فەخری چەندین وڵات، دیبلۆماتکارانی ئەوروپی، نوێنەرانی زانکۆکانی پۆڵۆنیا، نوێنەرانی ئەو ڕێکخراوە خێرخوازیانەی کە یارمەتی مرۆیی پێشکەشی ئاوارەکانی کوردستان دەکەن، دەزگاکانی میدیا و ڕاگەیاندن، دۆستانی کورد لە پۆڵۆنیا،…هتد)

نوێنەرانی ڕەوەندی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان و قوتابیە کوردەکان بە جلو بەرگی ئاڵا و واڵای کوردیەوە پێشوازیان لە میوانەکان کرد.

میوانەکانیش لای خۆیانەوە پیرۆزبایی ساڵی نوێی کوردییان کرد و هیوای داهاتووەیەکی گەشیان بۆ کورد و کوردستان خواست.

سەرەتای یادەکە بە چەند خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کورد و کوردستان لەگەڵ مارشی نەتەوەیی (ئەی ڕەقیب) و مارشی نەتەوەیی پۆڵەندی دەستیپيکرد.

دواتر بەڕێز زیاد ڕەئووف، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا وتاريکی پيشکەش کرد و تێیدا باسی لە گرنگی مانگی ئادار بۆ نەتەوەی کورد کرد کە هەم ڕووداوی دڵخۆشکەر،هەم ڕووداوی دڵتەزينی تێدایە؛ لەوانە ڕێککەوتنامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠و  جینۆسایدی هەڵەبجە لە ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ و سەرهەڵدانی ڕاپەڕینە مەزنەکەی ١٩٩١. هەر لەو مانگەشدا مەلا مستەفا بارزانی، ڕێبەری ڕزگاریخوازی کوردی لەدایک بووە و کۆچی دوایی کردووە. یەکێکی تر لە یادە گرنگەکان، سەری ساڵی نوێی کوردیە کە دەکەوێتە ٢١ی هەمان مانگەوە. هەروەها ئاماژەی بە کەلتوور و مێژووی جەژنی نەورۆز و گرنگی ئەو یادە نەتەوەییە کوردیەی بە ئامادەبووان ڕاگەیاند. پاشان بەڕێزیان باسیان لە دوا پێشهات و دۆخی سیاسی و ئابووری و ئاسایشی کوردستان و ناوچەکە بۆ ئامادەبووان کرد و ئاماژەیان بەوەدا کە بەڕێزعادل عبدالمهدی وەک سەرۆک وەزیرانی تازەی عێراق کەسێکی گونجاوە بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا و هەندێک هەنگاوی جددی ناوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکان. لە کۆتایی وتەکانیدا،  بەڕێز زیاد ڕەئووف سوپاسی حکومەتی پۆڵەندی و وڵاتانی تری ناو هاوپەیمانی نيودەوڵەتی دژ بە تیرۆر کرد بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هەماهەنگیەک لە ڕووی سەربازی و ئابووریەوە لە ماوەی جەنگی دژ بە تیرۆرستانی داعش. هەروەها سوپاسی دەزگا خیرخوازیەکانی کرد کە یارمەتی پێشکەش بەو ئاوارانە دەکەن کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، وە هیوای بەردەوامی و هاریکاری زیاتری بۆ خواستن.

پاشان بەڕێز خاتوو(ئەلیکساندرا خانزێل) بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی هەرێمی مازۆڤێسکی کە وارشۆ پایتەختیەتی، وتارێکی بەناوی سەرۆکی هەرێمی مازۆڤێسکی خوێندەوە و تێیدا پیرۆزبایی خۆیان بۆ یادی نەتەوەیی نەورۆز ڕاگەیاند و هیوای ئاشتی و سەقامگیری زیاتریان بۆ کوردستان خواست و ئاماژەی بە هەوڵەکانیان دا بۆ پتەوتر کردنی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو ئاستەکاندا.

لە لایەکی ترەوە چەندین نامەی پیرۆزبایی بۆ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە پۆڵەندا نێردرا لەوانە نامەی:

( پارێزگاری شاری پۆتکورپات، پارێزگاری شاری چانستاخۆڤا، سەرۆکی زانکۆی ماری کیوری لە شاری لوبلین-پۆڵۆنیا، چەندین کەسایەتی تایبەت و دۆستی کورد لە پۆڵۆنیا)

پاش کۆتاییهاتنی خوێندنەوەی وتارەکان، میوانەکان لە کەشێکی ئارامدا لەگەڵ قوتابیە کوردەکاندا کەوتنە گفتوگۆ و سەرسامی و خۆشحاڵی خۆیان بە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگی کوردی دەربڕی. جێی ئاماژە و دەستخۆشیە کە خاتوو (ماوگۆژاتکا ئۆلاشینتسکا) نوێنەری ڕێکخراوی پزیشکی خێرخوازی پۆڵەندی بە جلی کوردیەوە ئامادەی یادەکە بوو. ئەم هەڵوێستەی بەڕێزیان نیشاندانی دۆستایەتیانە بۆ گەلی کورد.

شایەنی باسە ئەم جۆرە پرۆگرامانە کار لەسەر زیاتر ناساندنی کەلتوور و مێژووی کوردی دەکات بە خەڵک و کاربەدەستانی پۆڵۆنیا.

لە کۆتاییدا، وەک نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا، دەستخۆشی لە یەکە بە یەکەی ئامادەبووان دەکەین و پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی هەموو کوردێکی بەشەرەف دەکەین لە هەر چوار پارچەی کوردستان و جیهان. هیوادارین هاتنی نەورۆز و چرۆکردنی گوڵە جوانەکانی کوردستان ببێتە هەوێنی کۆتاییهاتنی ناخۆشیەکان و زیاتر بووژانەی کوردستان.