دیداری سالی نوێ لەگەل رەوندی کوردی لە نووسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا

بە بۆنەی دەستپێکی سالی نوێ، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا لە دیدارێکی تایبەت بانگهێشتی قوتابی و رەوەندی کوردستانیانی کرد. کوردستانیانی زۆربەی شارەکانی پۆلۆنیا و تەنانەت ولاتانی تری دراوسێ ئامادەی بۆنەکە بوون. پێش دەستپێکردنی دیدارەکە ئەوانەی ئارەزوومەندبوون هەلی ئەوەیان هەبوو بەشداربن لە سەردانیکردنی ناسراوترین بالەخانە لە لەشاری وارشۆ ئەویش بالەخانەی (پالاس کەلتوری) بوو، کە ناوەندێکی رۆشنبیری و هونەری و زانستییە، ئەم سەردانیکردنەش رێکخرابوولەلایەن نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا، میوانان رێبەری کران لەلایەن خاتوو کاتیا، کە دکتۆرای هەیە لە مێژووی کەلتور، ئەوان چوون بۆ بەرزترین نهۆمی بالەخانەکە بۆ بینینی پانۆرامای پایتەختی پۆلۆنیا.     

دیدارەکە لە نووسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا دەستیپێکرد بە بەخێرهاتنی میوانان لەلایەن نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا بەرێز زیاد رەئوف.  نوێنەری کورد لە پۆلۆنیا تێشکی خستەسەر بارودۆخی ئەم دواییانەی باشوری کوردستان، بەوردی باسی لەو بارە ناهەموارە کرد کە لەدوای ریفراندۆم بەسەر کوردستان داهات، جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە زۆر گرنگە بە گەشبینییەوە لە سالی نوێ بروانین، بڕوامان هەبێت، کە هەموو ئەو کێشانە چارەسەردەبن، چونکە ئێستا هەندێ ئاماژەی دلخۆشکەر هەن بۆ دانوستاندن لەگەل بەغدا.

بەرێز زیاد رەئوف هیوای  خواست گشت میوانان سەرکەوتووبن لە سالی نوێدا، هەروەها هیوای خواست قوتابیانی کورد کە ئامادەی دیدارەکەبوون سەرکەوتووبن لە ژیانی ئەکادیمی و خوێندنیاندا، پێی گووتن کە هەریەکێک لە ئێوە سەفیری کوردە لە پۆلۆنیا و نوێنەرایەتی کورد دەکات، لەبەر ئەوە پێویست دەکات بە جوانترین شێوە هەلسوکەوت بکەن و رێز لە کەلتور و یاساکانی ئەو ولاتە بگرن و ڕوویەکی جوان و مۆدێرنخوازانەی کورد پیشانبدەن و سەرکەوتوو بن لە خوێندنییان.  

ئەوانەی کە نوێ هاتبوونە پۆلۆنیا هەلی ئەوەیان هەبوو لەگەل کوردانی تر یەکتر بناسن و ئەزموونی ژیان و خوێندنیان  لە پۆلۆنیا لەگەل یەکتر ئالوگۆربکەن.

بەرێز زیاد رەئوف ئەوەی دووپات کردەوە، کە هەمیشە و بە بەردەوام نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا و گشت فەرمانبەران ئامادەن بۆ ئەوەی یارمەتی کوردستانیانی پۆلۆنیا بدەن و پشتگیرییان لێبکەن. لە کۆتاییدا میوانان داوەتی ئیوارەخوانێکی کوردی بوون.

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا سالانە چەندین جار دیدار رێک دەخات لەگەل رەوەند و قوتابییانی کورد، هەمیشە هانیان دەدات بۆ ئەوەی بەردەوام سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتی بکەن و بەشداربن لەم بۆنانەی کە نووسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا رێکیدەخات.