دیدار بەبۆنەی ساڵی نوێ و پێشانگای فۆتۆگرافی (کوردستان و رەنگەکانی) لە نووسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا

لە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 24/01   نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا بەرێز زیاد رەئوف دیدارێکی بەبۆنەی ساڵی نوێی رێکخست لە نووسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا. لەم دیدارە هەریەک لە نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی پۆڵۆنیا، سیاسەتمەداران، رۆژنامەنووسان، کەسانی ئەکادیمی و ئەندامانی رێکخراوە خیرخوازییەکان و ناحکومیەکان ئامادەبوون.

دیدارەکە دەستی پێکرد بە بەخێرهاتنی میوانان و خواستنی هیواو ئاوات بۆ ساڵی نوێ و وتار لە لایەن بەریز زیاد رەئوف. سەرەتا بەرێزیان رووداوەکانی ساڵی رابردوو و بارودۆخی هەنووکەی کوردستانی باسکردوو شیکردەوە. دووپاتی کردەوە کە ریفراندۆمی 25/09  پرۆسەیەکی دیموکراسی و رێگایەکی  ئاشتیخوازانە بوو بۆ دەربرینی هەستی سەربەخۆی لەلایەن دانیشتوانی کوردستانی عێراق، لە کاتێکدا رووبەرووی هێرشیکی درندانەو دوژمندارانە بوونەوە لە لایەن حکومەتی عیراق و سوپا و میلیشیاکانی شیعە کە پاڵپشتی دەکرێن لەلایەن وڵاتانی دراوسێ.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا چەند ئامارێکی لەسەر قوربانیانی کورد لە کەکوک و توزخورماتوو ناوچە کوردستانیەکانی تر خستەروو، بەرێزیان داوای یارمەتی بە پەلەی مرۆیی کرد، چونکە گووتی لە کوردستان هێشتا نزیکەی 1500 000  ئاوارە بوونیان هەیە، کە لەناویاندا  150   هەزاریان نوێن، کە لە کەرکوک و ناوچەکانی تر ئاوارەبوون. روونی کردەوە کە لە عێراقێکی وێران هیچ دڵنیاییەک نیە بۆ ئاوارەکان بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی خیرا بگەرێنەوە بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان، هەرچەندیشە هەرێمی کوردستان هەمیشە دەرگای بە واڵای هێشتۆتەوە بۆ ئەوانەی کە پێویستیان پێیە. بێگومان بوونی ئەم ئاوارانەش بارێکی زۆر گرانی دروستکردووە لەسەرحکومەتی هەرێمی کوردستان.

هاوکات بەرێز زیاد رەئوف بەبیری هێنانەوە کە ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی سیاسی خراپ دادەروات، پێویستی بە ئەنجامدان و رێکخستنی زۆرترین دیدارو کۆبوونەوەی سیاسیە، لەبەرئەوە کۆبونەوە لەگەڵ سەرکردە و دەسەڵاتدارانی جیهانی و دەستپێکردنەوەی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا دووبارەهیوایەکە بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانە بۆ ئەو کێشەو ناکۆکیانەی نێوان حکومەتی هەرێم  لەگەڵ حکومەتی ناوەند لە چوارچیوەی دەستوری عێراق.

بەرێز زیاد رەئوف گرنگیەکی زۆری دا بەبارودۆخی عەفرین. ئاماژەی بەوەدا کە رۆلی کورد کاریگەر بوو بۆ ئازادکردنی ناوچەکانی ژێردەستی داعش و لەناوبرنی تیرۆرستان بەیارمەتی و پشتگیری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ، بەڵام ئێستا هاوپەیمانان وکۆمەڵگای نێودەوڵەتی  چاویان داخستووە بەرانبەر بەو هیرشانەی بۆ سەر عەفرین و کورد  دەکرێت و بیدەنگیان هەڵبژاردووە. بۆیە پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ وەستاندنی ئەو پەلامارە.

لەکۆتایدا بەرێز زیاد رەئوف تیشکی خستە سەر گرنگترین ئەو چالاکیانەی کە لەساڵی رابردوو نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا ئەنجامیداون ئاماژەشیدا بە پلان بۆ سالی نوێ. بەریزیان دووپاتی کردەوە، کە بە بەردەوام نووسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا ئامادەی هەرجۆرە هاریکارییەکە لەگەل هەموو دامەزراوەکان و رێکخراوە ناحکومیەکان و میدیاکاران.

دوای کۆتای هاتنی وتەی بەرێزیان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا میوانانی داوەتکرد بۆ نانخواردنێکی کوردی و بینینی پێشانگای فۆتۆگرافی  (کوردستان و رەنگەکانی) کە لە لایەن نیعمەت شەهاب و فۆتۆگرافەری تری کورد وینەکان گیرابوون