فەلاح مستەفا لەگەڵ ئەنجومەنى بازرگانی کوردستان – ئەمریکا کۆبووەوە
كانونی یهكهم 14, 2016, 08:39
هەولێر، هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بەڕێز فەلاح مستەفا، بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەى حکومەت پێشوازی کرد لە ژووری هاوبەشی بازرگانی کوردی – ئەمریکی کە پێکهاتبوو لە نوێنەرانی (٣٠) کۆمپانیای ئەمریکی بە سەرۆکایەتی دەیڤد تافورى سەرۆکى ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریکا – کوردستان بۆ تاوتوێ کردنی هەلی وەبەرهێنان و دوایین بەرەوپێشچوونەکانی هەرێمى کوردستان و ناوچەکە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە خاتوو بەیان سامی عبدالرحمن، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن ئامادەبوو، بەڕێز بەرپرسی پەیوەندیەکانى سووپاسی ئەنجومەنی ناوبراوی کرد بۆ ڕێکخستنی سەردانی لەمجۆرە و گرنگی ئەم جۆرە سەردانە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیەکان لەگەڵ خاوەنکاران و وەبەرهێنەران و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی ئابووری کوردستان. پاشان بەڕێزیان، پووختەیەکی پێشکەش کرد سەبارەت بە کۆڵەگەی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەلی وەبەرهێنان لە کوردستان و ڕووبەڕووبووەنەوە سیاسی و مرۆییەکان لە کوردستان و عێراق لەگەڵ پەیوەندیەکانی نێوان هەولێرو بەغدا.
بەڕێزیان گوتی ” سەرباری ئەوەی هەرێم ڕووبەڕووی چەندین بەرەنگاربوونەوە بۆتەوە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان توانی سەقامگیری و ئاسایش ڕابگرێت بۆیە هەرێمی کوردستان بە ئارامی دەمێنێتەوە و دەرگاشی کراوەیە بۆ خاوەن کارو وەبەرهێنەرانی بیانی”. پاشان، تیشکی خستە سەر، پلانی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گوتی ” ئێمە چەندین ڕێکاری جددیمان گرتۆتە بەر بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی چاکسازی گشتگیر بۆ کەمکردنەوەی خەرجیەکانی حکومەت و دانانی سیستەمێکی نوێی باج و باشترکردنی پڕۆسەی شەفافیەت و بەجۆراوجۆرکردنی سەرچاوەی داهاتی ئابووری”.
فەلاح مستەفا تیشکی خستە سەر هەلی وەبەرهێنان لە کوردستان و هانی کۆمپانیا ئەمریکیەکانی دا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداریکردنیان لە هەرێم و بەهێزترکردنی پەیوەندیەکان لەگەڵ کەرتی تایبەتی هەرێم.
لەلایەن خۆیانەوە، ئەندامانی شاندەکە دانیان نا بە هەبوونی هەلێکی زۆری وەبەرهێنان و کار لە کوردستان و ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ گێڕانی ڕۆڵی خۆیان لە دووبارە باشترکردنی ڕەوشی ئابووری هەرێم.
لەکۆتاییدا، بەڕێز بەرپرسی پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانی ئەندامانی شاندەکەی دایەوە تایبەت بە گفتوگۆی نێوان بەغدا و هەولێر و ڕۆڵی حکومەتی هەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و پەیوەندیەکانی لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ و رەوشى هەرێم لە قۆناغی دوای داعش.