چاوپێکەوتن لەگەڵ قوتابیانی زانکۆی بێرکلێی ئەمریکی

نوسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کورستان لە پۆڵۆنیا پێشوازی کرد لە گڕوپێکی 20 کەسی لە قوتابیانی زانکۆی بێرکلێی کالیفۆرنیا. بەهاوکاری سەرپەرشتیار دکتۆر سارا کرامسێی Sarah Cramsey پڕۆژەیەکی زانستی لە ئەوڕوپا بەجێ دەهێنن بەناوی “سیماکانی پێکەوەژیان”، کە لە میانەیدا ئاشنایەتی پەیدا دەکەن لەگەڵ کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ئەوڕوپای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵات، هەروەها لەگەڵ ئەو دەزگا و دامەزراوانەی کە نوێنەرایەتی ئەو کەمینانە دەکەن.

زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێم بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد، بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستانی بۆیان خستەڕوو، باسی سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نزیك بوونەوەی وادەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و پلانی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کرد. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە کوردستان ناوچەیەکی مۆزایکی بێ هاوتای پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەییە.

 دواتر بەڕێوەبەری نوسینگە، ماچێی لێگوتکۆ Maciej Legutko پرێزێنتەیشنێکی پێشکەش کرد لەبارەی کار و چاڵاکییەکانی نوسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا.

دوای وتار و پرێزێنتەیشنەکە، قوتابیانی ئەمریکی پرسیاری جۆراوجۆریان ئاڕاستەکرد. نوێنەری حکومەتی هەرێم لە وەڵامدا تیشکی خستەسەر ئەو کۆسپ و تەگەرانەی کە دەکەونە بەردەم سەربەخۆیی کوردستان، هەروەها چۆن پڕۆسەی ڕیفراندۆم بەڕێوەدەچێت، هەروەها ئایا دوو جەنگی ئەمریکا بۆ سەر عێڕاق سودی زۆرتر بوو یان زیان بۆ کوردەکان.

لە کۆتاییدا میوانەکان لەگەڵ قوتابیانی کورد ئاخاوتنیان ئەنجامدا کە ئامادەی دیدارەکە بوون. قوتابیانی کورد وەڵامی ئەوەیان دایەوە کە بۆچی بڕیاریان داوە بێن بۆ ئەوڕوپا و پلانیان چیە بۆ داهاتوو.

شاندی قوتابیانی زانکۆی بێرکلێی ساڵی دووەمە سەردانی نوسینگەی نوێنەرایەتی دەکات، ڕێکخەرانی ئەم سەردانە بەڵێنیان دا جارێکی تریش لە ساڵی داهاتوو سەردان بکەن.