کۆبونەوەی نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا لەگەڵ جێگری سەرۆکی ھەرێمی لوبێلسکی

نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا بەڕێز زیاد رەئوف رۆژی سێشەممەی رێککەوتی 4/12/2018 لە شاری لوبلین Lublin کۆبوونەوەی ئەنجام دا لەگەڵ جێگری سەرۆكی ھەرێمی لوبێلسکی بەڕێز زبیگنێڤ ڤۆیچیخۆفسکی Zbigniew Wojciechowski کە یەکێکە لە سیاسەتمەدارانی پۆلۆنی ناسراو و بەشداربوو لە جولانەوەی سۆلیدارنۆشچ کە بووە ھۆی گۆرینی سیستەمی حوکمڕانی لەسەرەتای ساڵانی نۆوەت لە پۆلۆنیا و ئێستاش لە حیزبی دەسەڵاتە .

سەرەتا نوێنەری حکومەتی ھەرێم بەدرێژی باسی بواری سیاسی و ئابووری کوردستان و عیراق و ناوچەکەی بۆ بەڕێزیان کرد . جێگری سەرۆك زۆر بە گەرمی پێشوازی لە بەڕێزیان کرد و پاڵپشتی خۆی دەربڕی بۆ مافە ڕەواکانی میللەتی کورد لە ئازادی و بەدەستھێنانی سەربەخۆیی . 

ھەرێمی ناوبراو یەکیکە لە پێشکەوتوو ترین ھەرێمەکانی پۆلۆنیا لەبواری کشتوکاڵ و پیشەسازی خواردەمەنی ، بۆیە لەمیانی کۆبونەوەکە باسی چۆنییەتی سوود وەرگرتن کرا لەو ئەزمونە زەنگینەی ئەم ھەرێمە و چۆن پەیوەندییەکان بەھێز بکرێن لە نێوان ھەردوو ھەرێم و ئاڵوگۆڕی بازرگانی پەرەیپێبدرێت لە نێوان کەرتی تایبەتی ھەردوو ھەرێم .

جێگری سەرۆكی ھەرێم پێشنیاری کرد کە لە سەرەتا شاندێکی بازرگانی کوردستان سەردانی ھەرێمەکەیان بکا و لە نزیکەوە بەرھەمەکانیان ببینێ .

ھەروەھا باسی پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی زانستی و ڕۆشنبیری کرا و بڕیار درا بەرنامە دابڕێژرێت بۆ ھەموو جۆرە چالاکیەکان بۆ ساڵی2019