كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ قوتابیه‌ كوردستانیه‌كان و ڕه‌وه‌ندی كوردی له‌ پۆلۆنیا

نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ نوسینگه‌ی خۆی له‌ وارشۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بۆ قوتابیه‌ كوردستانیه‌كان و ڕه‌وه‌ندی كوردی له‌ پۆڵۆنیاسازكرد. 

نزیكه‌ی ٥٠ كه‌سایه‌تی كه‌ له‌ ناویاندا به‌شێك له‌ قوتابی و قوتابیه‌ تازه‌كان، قوتابی دكتۆرا، مامۆستای زانكۆ، خاوه‌ن كار، دكتۆر  و چه‌ندین كه‌سایه‌تی ناسراوی كوردی له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كانیان به‌شداریان كرد. ھەرورھا بەڕێز محمد رەشید قونسولی عیراق لە وارشۆ ئامادە بوو . 

كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ وته‌ی به‌خێرهاتن له‌ لایه‌ن به‌ڕێز زیاد ڕه‌ئووف، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پۆڵۆنیا ده‌ستیپێكرد. زیاد ره‌ئووف سوپاسی ئاماده‌بوانی كرد بۆ هاتنیان و ئه‌وه‌ی دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ ده‌رگای نوێنه‌رایه‌تی هه‌میشه‌ واڵایه‌ به‌ ڕووی هه‌موواندا و ستافی نوێنه‌رایه‌تی هه‌میشه‌ ئاماده‌ن بۆ هه‌موو یارمه‌تیه‌كی كوردستانیان به‌ پێی توانا. 

پاشان به‌ڕێزیان داوایان له‌ ئاماده‌بوان كرد كه‌ خۆیان بناسێنن و هه‌ر كێشه‌یه‌ك، ره‌خنه‌یه‌ك، پێشنیارێكیان هه‌یه‌ بیخه‌نه‌ ڕوو. سه‌ره‌تا چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی كوردی به‌ ئه‌زموونی دانیشتووی پۆڵۆنیا قسه‌یان بۆ ئاماده‌بوان كرد و هه‌ندێك ئامۆژگاری و ڕێنماییان دایه‌ ئاماده‌بوان. دواتر سه‌رجه‌م ئاماده‌بوان خۆیان ناساند و زۆربه‌یان سوپاسی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمیان كرد بۆ ئه‌و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیانه‌ی كه‌ پێشكه‌شیان كراوه‌ ، جگە لەمەش سوپاسی  نوێنه‌رایه‌تیان كرد كه‌ به‌م شێوه‌ جوانه‌ كورده‌كان له‌ جێیه‌ك كۆده‌كاته‌وه‌ كە وەكو ماڵی ھەموو كوردەكانە لە پۆلۆنیا . 

 پاشان، به‌ڕێز پێشه‌نگ حمه‌كریم، قوتابی دكتۆرا له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی وارشۆ سیمینارێكی كورتی بۆ ئه‌و قوتابیانه‌ پێشكه‌شكرد كه‌ تازه‌ هاتوونه‌ته‌ پۆڵۆنیا و تێیدا باسی له‌و كارانه‌ كرد كه‌ له‌ سه‌ره‌تای هاتن بۆ پۆڵۆنیا پێویسته‌ بزانرێت. 

 به‌شێكی تری به‌رنامه‌كه‌ پێشكه‌شكردنی سیمینارێك بوو له‌ لایه‌ن هونه‌رمه‌ندی به‌ئه‌زموون ئه‌حمه‌د نه‌به‌ز، كه‌ بۆ زه‌ماله‌یه‌كی هونه‌ری ٣ مانگه‌ له‌ پۆڵۆنیایه‌. سیمیناره‌كەی به‌ڕێزیان‌ به‌ ڤیدیۆ ئارتێك ده‌ستیپێكرد كه‌ باسی له‌ ئازاره‌كانی جه‌نگ ده‌كرد. دواتر به‌شێك له‌و تابلۆیانه‌ی پیشانی ئاماده‌بوان دا كه‌ له‌ پێشانگای‌ سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری نێوده‌وڵه‌تی كراكۆڤ نمایش كرابوون بە دەستپێشخەری و ھاوكاری نوێنەرایەتی حكومەتی ھەرێم .

له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئاماده‌بوان به‌شداریان له‌ ئێواره‌خوانێكی كورده‌واریدا كرد و له‌وێدا توانیان زیاتر یه‌كتر بناسن و كاتێكی خۆش به‌سه‌ر ببه‌ن و بتوانن سوود له‌ ئه‌زموونی ئه‌وانه‌ وه‌ربگرن كه‌ ساڵانێكی زۆره‌‌ له‌ پۆڵۆنیان.

نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پۆڵۆنیا ساڵانه‌ كۆمه‌ڵێك كۆبوونه‌وه‌ و چالاكی تایبه‌ت به‌ كورده‌كانساز ده‌كات وه‌ك (یه‌كتربینینی سه‌ره‌تای ساڵ، جه‌ژنی نه‌ورۆز، سیمیناره‌ جیاجیاكان، پڕۆژه‌ هونه‌ریه‌كان،…هتد).