پەڕەپێدانی ھاوكاری کەلتووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاری کراکۆڤ لە پۆڵۆنیا.

بەڕێز زیاد رەئووف ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی پۆڵۆنیا کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجامدا لەگەڵ بەڕێز ڕۆبەرت پیاسکۆڤسکی ( Robert Piaskowski ) ، نوێنەری تایبەتی پارێزگاری کراکۆڤ بۆ کاروباری کەلتووری.


 لە میانی کۆبوونەوەکەدا باسیان لە زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندیە كەلتووریەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و شاری کراکۆڤ کرد، وە گەشبین بوون بە ئایندەی پەیوەندیەکان و توانای ئەنجامدانی كۆمەڵێك چالاكی جۆراوجۆر و جێبەجێ كردنی چەند پرۆژەیەك.
لەلای خۆیەوە نوێنەری تایبەتی پارێزگاری کراکۆڤ ئامادەیی خۆی دەربڕی سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی پسپۆرانی پەیوەند بە شوێنەواری و نوێژینەوە كردنەوەی شوێنە كۆن و مێژوویەكانی كوردستان . شایەنی باسە شاری كراكۆڤ خاوەنی چەندین شوێنی کەلتووری و شوێنەواری زۆر بەناوبانگە و ساڵانە زیاتر لە ١٠ ملیۆن گەشتیار بۆ بینیی شوێنە مێژوویی و گەشتیاریەکان ڕووی تێدەکەن . ئێستاش بۆ ماوەی دوو ساڵ شاری كراكۆڤ سەرپەرشتی ڕێكخراوی جیھانی شارە شوێنەواریەكان دەكا بەناوی ( Organization of World Heritage Cities ) ، ئەو ڕێكخراوەی شاری ھەولێریش ئەندامە تیایدا .
هەروەها ھەردوولا ھاوڕابوون لە ئاڵوگۆڕی ھونەری لە بوارەكانی شانۆ و موزیك و شێوەكاری و چەند پڕۆگرامێکی هونەری تر .
لەلای خۆیەوە نوێنەری تایبەتی پارێزگاری کراکۆڤ سوپاس و پێزانینی و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو چالاكیە كەلتووریانەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام ئەنجامیان ئەدا لە كراكۆڤ وەكو پێشانگا و كۆنسێرت و بەشداری كردن لە فیستیڤالی فرەكەلتوری شاری كراكۆڤ .