بەرنامەیەك دەربارەی کوردستان بۆ قوتابیانی ناوەندیی شارۆچکەیەکی خوارووی کڕاکۆڤ
نیسان 3, 2015, 10:50
بە بەڕێزتان ڕادەگەیەنین، ڕۆژی 20ی مارسی 2015 لە ژێر چاودێری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان له پۆڵۆنیا چەند قوتابیەکی کورد هەستان به ڕێکخستنی سیمینارێك دەربارەی بنەچەی کورد و زمانی کوردی و وۆرك شۆپێکی بچوك لەبارەی زمانی کوردی. سیمینارەکه بۆ 80 قوتابی ناوەندی قوتابخانەی کۆمەڵایەتی STO له وارشۆی پایتەخت بەڕێوەچوو.
سەرەتا قوتابی ئیزابێلا غەفور کە نەوەی کوردێکی ناسراو و تێکۆشەرە لە پۆڵۆنیا و تەمەنی 14 ساڵه، پرێزێنتەیشنێکی لەبارەی کورد و سروشت و کولتوری کوردستان و چێشتخانەی کوردی پێشکەش کرد. دواتر قوتابیانی دکتۆرا دڵزار نەشوان و ڕێباز جلال و ئاراز جلال لەبارەی زمان و ئایینه جیاوازەکانی کوردستان و مۆزایکی ئیتنی سیمیناریان پێشکەش کرد، تیایدا زمانی کوردی و نەتەوەی کورد له نێو گڕوپی نەتەوە هیندۆئەوڕوپیەکان بۆ قوتابیان ڕوون کرایەوه و نیشانیان دان که کورد نەتەوەیەکی جیایه و ڕەچەڵەکی لەگەڵ عەرەب و تورکەوه یەك ناگرێتەوه. دوای ئەوه باسی پێکەوه ژیانی ئایینی و ئیتنی گڕوپه جیاوازەکانی کوردستان کرا و تیشك خرایه سەر ئەوەی، که هەر گڕوپێكی ئیتنی ڕەسەنایەتی و ناسنامەی خۆی پاراستووه له کوردستان و به ئازادی خۆیان نەریتەکان و کەشه ئایینیەکانیان بەجێ دەهێنن. دوایی دەرگای پرسیار کرایەوه بۆ هەموویان، قوتابیان و مامۆستاکانیشیان پرسیاریان ئاڕاسته کرد لەبارەی ڕەوشی ئێستای کوردستان. لەگەڵ ئەوەی قوتابیە پۆڵۆنیەکان له تەمەنێکی تازەی هەرزەکاری بوون بەڵام زانیاری زۆریان هەبوو لەبارەی کورد. به نمونه پرسیاری یەکێك له قوتابیان ئەوه بوو: ئایا ئێستا ڕەوشی کوردەکانی کوردستانی تورکیا چۆنه ؟ هیچ گۆڕانکاری دیوه لەچاو پێشتر؟ یاخود ئایا گڕوپه ئایینیەکانی کوردستان، ئەوانەی موسوڵمان نین، دەتوانن جەژنی خۆیان بکەن و پشوویان هەبێت؟
پرسیارێکی تری سەرسوڕهێنەر ئەوه بوو بۆچی پێشمەرگه له بەرانبەر تیرۆریستانی داعش دەجەنگێ و سوپای عێڕاقیش ڕادەکات؟؟ ئەوانه و چەندین پرسیاری تر سیمینارەکەیان دەوڵەمەند کرد.
دوای تەواو بوونی سیمینارەکه، قوتابی ڕێباز جلال به ناوی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان له پۆڵۆنیا ئاڵای کوردستانی به دیاری بەخشیه بەڕێوەبەری قوتابخانەکه بەڕێز بارتۆش تمینسکی (Bartosz Tymiński). قوتابخانەی STO چەند دیاریەکی پێشکەش به پێشکەشکارانی سیمینارەکه کرد و زۆر سوپاسی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ گرنگی دان به پەروەردە کردن و فێرکردنی قوتابیانی پۆڵۆنیا دەربارەی کولتوری نەتەوەکانی تر.
وێنەی زۆرتر لەو بارەیەوه لێرەوه سەیربکه