نوسینگەی نوێنەرایەتی حکومەت لە پۆڵۆنیا قوتابیانی کورد بانگهێشت دەکات بە بۆنەی ساڵی تازەی خوێندن

وەك نەریتێکی ساڵانە، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا لە کۆبوونەوەیەکدا قوتابیانی کوردی تازەی لەو وڵاتە بانگهێشت کرد بە بۆنەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن بە ئامانجی یەکتر ناسین و گۆڕینەوە و دروست کردنی پەیوەندی. لە بۆنەکەدا نزیکەی 60 کەس ئامادە بوون. هەروەها زۆر کەسایەتی کوردی ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان ئامادەبوون، لە نێویان کاك عەلی غەفور کە ٥٤ ساڵە لەو وڵاتە دەژی و یەکێكە لە دەگمەنترین خەباتگێڕانی کورد لە پۆڵۆنیا،  هەروەها خاتوو ڕێزان یوسف سکرتێری یەکەم لە باڵوێزخانەی عێڕاق لە وارشۆ ئامادە بوو.

سەرەتا نوێنەری حکومەت بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و وتەیەکی سەبارەت بە بارودۆخی هەستیاری کوردستان و ناوچەکە پێشکەش کرد. زیاد ڕەئوف داوای لە قوتابیان کرد کە هەر یەکیان ببن بە باڵوێزی کورد لەو وڵاتە و بە جوانترین شێوە ڕووی کوردستان نیشان بدەن. وەبیری هێنانەوە کە ئەرکی سەرەکی قوتابیان بریتیە لە خوێندن و تەواوکردن بە سەرکەوتوویی. نوێنەری حکومەت دووپاتی کردەوە کە نوسینگەی ئێمە بۆ هەموو کوردێك بێ جیاوازی کراوەتەوە و بەپێی توانا هاوکاری و یارمەتی هەموو کەسێك دەدەین لە کاتی پێویستیدا. دواتر کاك عەلی غەفور کورتە باسێکی مێژووی چاڵاکی و تێکۆشانی کورد لە ساڵانی شەستەوە لە پۆڵۆنیا خستەڕوو. ئاماژەی بەو زەحمەتی و ئاستەنگیانە کرد کە پێشتر ڕووبەڕوویان بۆتەوە و ئێستا لاوی کورد دەرفەتی زۆرتریان لەبەر دەستە بۆ گەشەدان بە خۆیان و تەواوکردنی خوێندن لە دەرەوە.

دوای ئەوەش قوتابیان و میوانەکان دەنگی خۆیان هەڵبڕی و هەریەکە بۆچوون و ڕەخنە و بیروڕای خۆی خستەڕوو. میوانەکان سوپاسیان کرد بۆ ڕەخساندنی ئەو دیدارە و ڕایانگەیاند کە ئەوە دەرفەتێكی باشە بۆ دروست کردنی پەیوەندی و بەردەوام بوون.

لە کۆتاییدا نوێنەری حکومەت بانگهێشتی قوتابیان و میوانەکانی کرد بۆ خوانێکی سادە و تەواوکردنی گفتوگۆکان.

شایانی باسە بۆنەکە لە کەشێکی دۆستانە و گەرم و گوڕ بەڕێوەچوو. هەموو لایەك خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە دانیشتنی لەو جۆرە و هیوایان خواست بەردەوامی بدرێت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ قوتابیان، بۆ ئەوەی دابڕان دروست نەبێت لە نێوان نەوەی تازە و نەوەی کۆن.