ئاڵای کوردستان لە کەرکوك دەشەکێتەوە

زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا میوانی ڕۆژنامەنوس میخاو ژاکۆڤسکی Michał Żakowski بوو لە پەخشی “زۆرتر جیهان” لە کەناڵی یەکی ڕادیۆی پۆڵۆنیا. بابەتی گفتوگۆ بریتی بوو لە بارودۆخی کەرکوك، کە پارێزگاری ئەو شارە بڕیاری هەڵکردنی ئاڵای کوردستانی داوە.

زیاد ڕەئوف گفتوگۆکانی بەوە دەست پێکرد، کە کەرکوك لە مێژوودا شارێکی کوردیە، لەگەڵ ئەوەی لە سەردەمی ڕژێمی سەددامدا بەعەرەب کراوە، بەڵام لە سەردەمی دوای سەددامیش ئەو پڕۆسەیە بەردەوام بوو کە فەرمانبەر و کاربەدەستی عەرەبیان بۆ شارەکە دەهاورد، ئەو خاڵەی دەستووریان فەرامۆش کرد کە دەبێت ڕیفراندۆم لە شارەکە بکرێت بۆ ئەوەی بڕیار بدرێت ئایا دەبێ بگەڕێتەوە سەر کوردستان یاخود ببێتە بەشێك لە عێڕاق. نوێنەری حکومەت هەروەها بیری هێنانەوە کە لە ساڵی 2014  پێشمەرگەی کوردستان بوو شارەکەی لە دەست تیرۆریستانی داعش پاراست نەك سوپای هەڵاتووی عێڕاق.

لە وەڵامی پرسیارێکی میخاو ژاکۆڤسکی کە ئایا مەبەست لەوە ئەو ناوچە نەوتیانە نیە کە قازانجێکی زۆریان هەیە، زیاد ڕەئوف ڕایگەیاند لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئەوەندە نەوت هەیە کە نەوتی کەرکوك ڕۆڵێکی ئەوهای نیە. دووبارە دووپاتی کردەوە، کە ئەوە پرسێکی مێژووییە، کورد ماوەی سەدان ساڵە لەسەر شارەکە خەبات دەکات.

ڕۆژنامەنوس ئاماژەی دا کە بڕیاری پارێزگای کەرکوك ناڕەزایی تورکمانەکانی لێکەوتەوە. نوێنەری حکومەت وەڵامی دایەوە کە لە نێو تورکمانەکانیش هاودەنگی نیە، هەندێکیان پڕۆتستۆی بڕیارەکە دەکەن، بەڵام هەندێکیشیان لەگەڵ بڕیارەکەن و دەیانەوێ سەر بە هەرێمی کوردستان بن. زیاد ڕەئوف سەرەنجی دا کە هاوڵاتیانی شارەکە ئەو ئاساییش و دیموکراتییە بەرز دەنرخێنن کە لە شارەکە بوونی هەیە، ئەگەر بێت و لە شارەکە ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت، ئەوا زۆرینەی تورکمانەکان دەنگ بۆ جیابوونەوە لە عێڕاق دەدەن.

میخاو ژاکۆڤسکی هەروەها ئاماژەی دا کە بڕیاری پارێزگار نەك تەنها بەغدا، بەڵکو ناڕەحەتی تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکانیشی لێکەوتەوە. زیاد ڕەئوف ڕایگەیاند بە لەبەرچاو گرتنی دەیان ساڵ چارەسەر نەکردنی کێشەکە و فەرامۆش کردنی دەستور بە تەواوی لە لایەن حکومەتی عێڕاق، کوردەکان هیچ بژاردەیەکی باشتریان لە دەست نیە جگە لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی دیفاکتۆ.

تەواوی گفتوگۆکەی زیاد ڕەئوف دەتوانن لەو لینکەی خوارەوە گوێ لێ بگرن:

http://www.polskieradio.pl/7/1696/Artykul/1746337,Szakal-skazany-na-trzecie-dozywocie-Absurdalny-proces