نوێنەری حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە پۆلۆنیا ھەوڵدەدات ھێڵی ئاسمانی نێوان ھەولێر و وارشۆ بكرێتەوە

زیاد رەئووف نوێنەری حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە پۆلۆنیا كۆبونەوەیەکی ئەنجام دا لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی ھێڵی ئاسمانی پۆلۆنیا ( LOT ) بۆ گفتوگۆ دەربارەی بەستنەوەی وارشۆ و ھەولێر بە ھێڵی ئاسمانی و ئاساند كردنی گواستنەوەی گەشتیاران و كارگۆ نێوان ئەو دوو فڕۆكەخانانە. پێش ئەو کۆبونەوەیەش، نوێنەرایەتی حكومەتی ھەرێم بەیارمەتی پسپۆرێکەوە، ڕاپۆرتێكی تێرو تەسەڵی ئامادەکرد دەربارەی جموجۆڵی فرۆكەكان و ھێڵە ئاسمانیەكان لە فرۆكەخانەی نێودەولەتی ھەولێر لەگەڵ وڵاتانی بیانی و گرینگی و پێویستی كردنەوەی ئەو جۆرە ھێڵە نێوان ھەولێر و وارشۆ و سوودەکانی بۆ بوژانەوەی ھەماھەنگی و پەیوەندیەكانی ئابووری و سیاسی و زانستی نێوان ئەو دوو پایتەختە .

بەرپرسانی ھێڵی ئاسمانی پۆلۆنیا کە ئەو بەڕێزانە بوون : ستێفان مالچێڤسکی( Stefan Malczewski) ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردن، ڕۆبەرت لودێرە (Robert Ludera ) بەڕێوەبەری بەشی فراوانکردنەوەی ھێڵەکان، کامیل گالیچکی        (Kamil Galicki )پسپۆری بەشی پلاندانان، پاش  گفتوگۆیەکی زۆر و لەسەر بنەمای ڕاپۆڕتەكەو ئەو داتایانەی  نوێنەرایەتی خستیە ژێردەستیان ، ھاوڕابوون كە پێشنیارەكە جێگای بایەخەو و بە زووترین كات دەستبەكار دەكەن لەسەری و تاوتوێی دەکەن لەگەڵ کەسانی خاوەن بڕیار .