نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا کۆنفرانسێکی نێودەولەتی کردەوە دەربارەی رۆلی کورد لە رۆژھەلاتی ناوەڕاست

لەژێر ناونیشانی”رۆلی کورد لە رۆژھەلاتی ناوەڕاست ” کۆنفرانسێکی زانستی نێودەولەتی رۆژی دووشەم ١٤ی ئایار بەڕێوەچوو لە زانکۆی کۆلێگیوم سیڤیتاس لە وارشۆ ، بەھاوکاری و لە ژێر چاودێری نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا .

ئەوە سێیەم جارە ئەو کۆنفرانسە لە وارشۆ ئەنجامدەدرێت و ساڵ بەدوای ساڵ زیاتر لێکۆڵەرو توێژەران لە کوردستان و پۆلۆنیا و وڵاتانی تر وەکو ھۆڵەنداو بریتانیا بەشداری تیا دەکەن، جگە لە سیاسەتمەداران کە ئەمساڵ لە کوردستانەوە شاندی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەڕێز ھوشیار سیوەیلی بوو  

ھەروەھا بەڕێز ئەژی ئەحمەد ڕاوێژکاری بەڕێز قوباد تالەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان .

کۆنفرانسەکە دەستیپێکرد بە وتاری بەڕێز زیاد رەئوف نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا ، تیایدا پاش سوپاس و بەخێراتنی بەشداران باسی رەوشی وڵاتی کردو بەراوردی بارودۆخی کوردستان و عیراقی کرد لەگەڵ رەوشەکە لەساڵی ڕابردو لەکاتی بەستنی کۆنفرانسی دووەم و ئەو گۆڕانکاریانەی کە پاش ئەنجامدانی ڕاپرسی ڕویاندا لە کوردستان و عیراق و ناوچەکە . ھەڵوێست و سیاسەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی لەو قۆناغە ھەستیارە ڕونکردەوە و جەختی کردە سەر ئەوەی کە ئارامی و سەقامگیری لە ڕۆژھەلاتی ناوەڕاست نایەتەدەست بەبێ چارەسەرییەکی ڕەگی و عادیلانەی کێشەی گەلی کوردستان ، وە پشتگۆ خستنی مافەکانی کوردو کەمکردنەوەی رۆلی ئەنجامی نێگەتیڤی دەبێت بۆ ھەموو ڕۆژھەلاتی ناوەڕاست و سەقامگیری ئەوروپاو جیھان .

دواتر پڕەفێسۆری زانکۆی ئەمستردام بەڕێز میشێل لیزینبێرگ توێژینەیەکی پێشکەش کرد بە ناوی

” دەوڵەت و کۆمەلگە لە ھەرێمی کوردستان لە ساڵانی

١٩٩١-٢٠١٨ “

پاشان لە چوار پانێلی جیا دوانزە توێژینەوەو ریفیرات کە بابەتەکانیان دەربارەی سیاسەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پەیوەندییە نێودەولەتییەکانی و سیاسەتی بەرگری و ئاسایش و دەربارەی کۆمەلگەو ڕۆشنبیری و چەندین تەوەری دیکە بون خرانە بەرباس و تاوتوێ کران و ئاڵوگۆری بۆچوونەکانیان لەسەر کرا. 

بابەتی باسەکەی بەڕێز ھوشیار سیوەیلی دواڕۆژی ھەرێمی کوردستان پاش ڕاپرسی بوو ، وە بەڕێز ئەژی ئەحمەد ڕۆلی پێشمەرگەی لە شکاندنی داعش خستە بەر باس.

پاش کۆتایی ھاتنی کۆنفرانسەکە بەشداران بانگھێشت کران بۆ کردنەوەی پێشانگایەك لە نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە وارشۆ  بە ناونیشانی “کوردستان ساڵانی ٤٠ ی سەدەی بیست بە کامیرای ڤیتۆلد رایکۆڤسکی- ڕۆژھەلات ناس و دیپلۆماتکار و کارمەندی دەزگای ھەواڵگری پۆلۆنیا ” کە لەلایەن لێکۆڵەر د.ئەنتۆنی کۆسۆفسکی یەوە ئامادەکرابوو وە زۆر وێنەو دۆکومێنتی ئەرشیفی نھێنی ئەوکاتەی تیا پێشاندرا و زۆر  سەرنج و بایەخی ئامادەبوانی ڕاکێشا.