نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا لە ئاهەنگی ۷۵ ساڵەی لەدایک بوون و ۳۵ ەمین ساڵیادی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ بەڕێز ( لێخ ڤاڵێنسا)

لەڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۲۹/۹/۲۰۱۸ زیاد رەئوف نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا لەگەڵ زۆر مێوانانی تری نێوخۆیی و بیانی بەشداری کرد لە ئاهەنگی ۷۵ ساڵەی لەدایک بوون و ۳۵ ەمین ساڵیادی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ بەڕێز ( لێخ ڤاڵێنسا) کە لە ھۆڵی ئۆپێرای شاری گدانسك بەڕێوەچوو .

شایەنی باسە بەڕێز سەرۆك مسعود بارزانی بەفەرمی بۆ مەراسیمەکە بانگێشت کرابوو، بەڵام بەهۆی کەمی دەرفەت و سەرقاڵی بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان نەیتوانی لە مەراسیمەکە بەشدار بێت، بەڵام نامەی پیرۆزبایی ئاراستەی  بەڕێزیان کرد کە نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان زیاد رەئوف گەیاندی بە بەڕێزیان.

(لێخ ڤالێنسا) یەکێکە لە بە ناسراوترین سیاسەتمەداری وڵاتی پۆڵۆنیا لەسەر ئاستی جیهان .لە ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی بیست  سەرکردەی جولانەوەی سۆلیدارنەشچ Solidarność بوو و توانی ببێتە ھۆی گۆڕینی ئاشتیانەی سیستەمی سیاسی و ئابووری و لادانی دەسەڵاتی کۆمۆنیست لە وڵاتەکەی، کە هاوکات کۆمەڵێک گۆڕانکاری گەورەی بە دوای خۆیدا هێنا لە ھەموو ئەوروپای ڕۆژھەڵات وەك: ڕوخانی دیواری بەرلین، کۆتای جەنگی سارد وە بە دیموکراسی کردنی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەوڕوپا.

لەنێوان ساڵەکانی ۱۹۹۰ _ ۱۹۹۵ (لێخ ڤاڵێنسا) سەرۆکی کۆماری پۆڵۆنیا بوو ، دواتر وەك دیموکراتخواز و چالاکوان لەبواری مافی مرۆڤ لە ھەموو جیھان بەردەوام بووە لە خەباتی . ناوبراو هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە. ئەم ساڵیش وەك هەموو ساڵەکانی تر لە ئاهەنگی ساڵرۆژی لەدایک بوون و ۳۵ ساڵەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی زیاتر لە ٥٠٠ مێوانان لە سیاسەتمەداران و باڵوێزی وڵاتان و ڕۆشنبیران و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی وه سەرکردە جەماوەریەکانی پۆڵەندا و ئەوروپا و تەواوی جیھان  ئامادەبوون ، لە نێویان (دۆنالد توسك) سەرۆكی یەکیەتی ئەوروپا کە نامەیەکی پیرۆزبایی پێشکەشی ناوبراوی کرد بە واژوی ٢٧ سەرۆك و سەرکردەی ئەوروپا.

دوای پیرۆزبایی کۆنسێرتێك بەڕێوەچوو ، دواتر خوانی ئێوارە دەرفەتێك بوو  بۆ قسەکردن و بیروڕاگۆڕینەوە لە نێوان مێوانان و بەشدارانی ئاھەنگەکە .

(لێخ ڤالێنسا) ھەردەم پشتیوانی و پشتگیری خۆی بۆ دۆزی نەتەوەی کورد دەربڕیوە لە کاتی چەندین جار چاوپێکەوتنەکانی بە ڕێز نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپۆڵۆنیا و شاندی کوردستان و قوتابیانی کورد لەو وڵاتە .ناوبراو لە مەراسیمی یادی ٢٥ ساڵەی (ئەنفال) له ساڵی ۲۰۱۳ لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەفەرمی بانگێشت کرا بەڵام بە هۆی جێگیرنەبوونی باری تەندروستی نەیتوانی ئامادە بێت