زیاد ڕەئوف و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئابووری

شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی دکتۆر عەلی سندی بە یاوەری زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا بەشداری کرد لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئابووری – کە یەکێکە لە گەورەترین و گرنگترین کۆنفڕانسی ئابووری و سیاسی لە ئەوڕوپا. کۆڕبەندەکە سێ ڕۆژی خایاند. بابەتی سەرەکی کۆڕبەندی ئەمساڵ بریتی بوو لە بیروبۆچوون لەسەر شێوەی نوێی ئەوڕوپا و جیهان لە سەردەمی زیادبوونی هەڕەشەکان.

لە پانێڵی کردنەوەی کۆڕبەندەکە، هەریەك لە سەرۆکانی پۆڵۆنیا و جۆرجیا و مەقدۆنیا بەشدارییان کرد. هەروەها لەو دیدارە نێودەوڵەتییەدا سەرۆکوەزیرانی وڵاتان و وەزیران و پەڕلەمانتاران و خاوەن کۆمپانیای پۆڵۆنی و ئەوڕوپی و ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئاسیا و ئەفریکا ئامادە بوون. لە بیست و هەفتەمین کۆڕبەندی ئابووری، ئەمساڵ ژمارەیەکی پێوانەیی بەشدارییان کردبوو کە نزیکەی 4 هەزار کەس دەبوون لە 54 وڵاتەوە.

کۆڕبەندی ئابووری سێ ڕۆژە، بۆ شاندی کوردستان و نوێنەری حکومەت زیاد ڕەئوف دەرفەتێك بوو بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ و چاوپێکەوتن لەگەڵ سیاسەتمەدارانی کاریگەری پۆڵۆنی. نوێنەری حکومەت گفتوگۆی ئەنجام دا لەگەڵ پەڕلەمانتارانی هەموو حیزبەکان لە پەڕلەمان، لەوانە لەگەڵ سەرۆکی فڕاکسیۆنەکان: ستانیسلاڤ تێرلێچکی Stanisław Terlecki لە پارتی  یاسا و دادپەروەری دەسەڵاتدار، سلاڤۆمیر نێومان Sławomir Neumann لە حیزبی پلاتفۆڕمی هاوڵاتی، ڤلادیسلاڤ کۆشینیاك کامیش Władysław Kosiniak Kamysz  سەرۆکی پارتی میللەت، کاتاژینا لوبناوەر Katarzyna Lubnaue لە  پارتی “Nowoczesna”.

لە میانەی چاوپێکەوتن و دیدارەکان نوێنەری حکومەت بەووردی بۆ نوێنەرانی پەڕلەمانی پۆڵۆنیا ڕوونی کردەوە کە بۆچی سەرکردایەتی کورد بڕیاری دا ڕیفراندۆم ئەنجام  بدات و هەروەها هەنگاوەکان دوای ڕیفراندۆم چین. پەڕلەمانتاران بە بایەخەوە سەیری ئەوەیان دەکرد کە ئایا بەغدا و وڵاتانی دراوسێ، هەروەها ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کاردانەوەیان چۆن دەبێت لەسەر ئەو پرسە. زیاد ڕەئوف ترس و دووڵی ئەوانی ڕەواندەوە لە هەر توندوتیژییەکی چەکداری و ئاماژەی دا کە کوردستانی سەربەخۆ چانسێکە بۆ ئەوڕوپا و جیهان بۆ هەبوونی دۆستێکی ڕاستگۆ و دیموکراتخواز کە مافی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان دەپارێزێت، وە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە هۆکاری سەقامگیری. پەڕلەمانتاران پێیان وابوو کە کورد ئێستا بە ساتەوەختێکی مێژوویی گرنگ و باش تێپەڕ دەبێت. پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو ئاواتەی گەلی کورد دەربڕی، هەروەها چەند پێشنیارێکیان خستەڕوو بۆ روژاندنی پرسی کورد لە پەڕلەمانی پۆڵۆنیا، هەروەها جەختیان کردەوە کە چاودێرانی نێودەوڵەتی پێویستە لە پڕۆسەی ڕیفراندۆم ئامادە بن. یەکەم ئەنجامی گفتوگۆکانی كۆڕبەندی ئابووری بریتی بوو لە کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی لە ڕۆژی 12ی سێپتێمبەر لە باڵەخانەی پەڕلەمانی پۆڵۆنیا، کە تیایدا بە یاوەری زیاد ڕەئوف، کۆرنێڵ مۆڕاڤێچکی Kornel Morawiecki سەرۆکی فەخری پەڕلەمانی پۆڵۆنیا و پەڕلەمانتار لە گڕوپی “ئازاد و پشتیوانەکان” پشتیوانی لە ڕیفراندۆم و هەوڵەکانی سەربەخۆیی کوردەکانی عێڕاق کرد.

هەروەها شایانی باسە کە دیداری گرنگ لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان و میدیاکانی پۆڵۆنیا ئەنجام دران، کە بوونە هۆی لێکەوتنەوەی چەند دیمانە و وتارێك لەبارەی ڕیفرندۆم و سەربەخۆیی کوردستان.

لە میانەی دیدارەکە لە کۆڕبەندی ئابووری، دکتۆر عەلی سندی و زیاد ڕەئوف دیداریان ئەنجام دا لەگەڵ یاچێك کڕوپا Jacek Krupa  سەرۆکی هەرێمی مالۆپۆڵسکا، کە هاوڕێکخەری کۆڕبەندەکە بوو. بەڕێز وەزیر دیدارەکەی دەست پێکرد بە گەیاندنی سوپاس و پێزانین لە لایەن جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێز مەسعود بارزانی بۆ بانگهێشت کردنی بۆ کۆڕبەند. وەزیر خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ ئامادەبوون، کە بۆجاری سێهەم دەتوانێت بەشداری بکات لە گۆڕینەوەی تیڕوانین و بۆچوونەکان. دکتۆر عەلی سندی سوپاسی هەرێمی مالۆپۆڵسکای کرد بۆ ئەو چەند ساڵەی کە پاڵپشتی خێرخوازی کوردستانی کردووە. دواتر بەووردی بارودۆخی کوردستانی لە چەند ساڵی ڕابردوو نیشان دا.  یاچێك کروپا سەرۆکی هەرێم هیوای سەرکەوتنی ڕیفراندۆمی خواست، تێگەیشتنی خۆی بۆ هیواکانی کورد دەربڕی، چونکە پۆڵۆنیاش بۆ ماوەی چەندین ساڵ خەباتی کرد بۆ سەربەخۆیی، هەروەها ئامادەیی هەرێمی مالۆپۆڵسکای دووبارە کردەوە بۆ بەردەوام بوون لە پێشکەش کردنی هاوکاری مرۆیی. لە کۆتاییدا دکتۆر عەلی سندی سەرۆکی هەرێمی مالۆپۆڵسکای بانگهێشت کرد بۆ ئەنجامدانی سەردانێك بۆ کوردستان.

وەك هەموو ساڵێك کۆڕبەندی ئابووری دەرفەتێك بوو نەك تەنها بۆ گفتوگۆی سیاسی، بەڵکو بۆ بەشداری کردن لە پانێڵی وتووێژی جێ بایەخ.

دکتۆر عەلی سندی میوانی پانێلێکی ئابووری بوو بەناوی “National competitive strategies in European Inter-regional Cooperation” کە تیایدا جێگری پێشووی سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی پۆڵۆنیا پڕۆفیسۆر گژێگۆژ کۆلۆدکۆ Grzegorz Kołodko  و نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی سلۆڤاکیا و توێژەران و شارەزایان لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕوسیا و ئوکراینا بەشدارییان کرد.  بەڕێز وەزیر وەکو نوێنەری وڵاتێك کە کاریگەری دەرەکی هەیە بۆ سەر بارودۆخی ئەوڕوپا وتاری پێشکەش کرد. ئاماژەی دا کە کوردستان ناوچەی سەقامگیریە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لایەنە باشەکانی ئابووری کوردستانی خستەڕوو، جگە لەوە بیری هێناوە کە کوردستان شوێنی حەوانەوەی بۆ ئاوارەکان دابین کردووە، کە لە هەمان کاتدا بووەتە هۆی کەم کردنەوەی پەستان لەسەر ئەوڕوپا. ئاماژەی دا کە جێگیری کوردستان لە بەرژەوەندی ئەوڕوپا دایە. دکتۆر عەلی سندی باسی نزیك بوونەوەی ڕیفراندۆمی کرد، سەرەنجی دا کە هەرێمی کوردستان دەکرێ ببێتە سەنتەری هەرێمایەتی بۆ پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان.

لە لایەکی تر زیاد ڕەئوف میوان بوو لە پانێلێکی وتووێژ بەناوی:” ئیسلامی سیاسی لە ئەوڕوپا، ئایا دەکرێ دیالۆگ بکرێت؟”. لە وتارەکەی تێبینیی کرد کە ئیسلامی ئاشتیخواز بوونی هەیە، کوردستانیش نمونەی ئەوەیە: هەموو نەتەوە و ئایینەکان لە ئاشتیدا پێکەوە دەژین، بۆ کریستیانە عێڕاقییەکان کوردستان ناوچەیەکی سەلامەتە. سەرۆك بارزانی خۆی بانگەوازی کردن بۆ نیشتەجێ بوون لە کوردستان. ئاماژەی دا کە کێشەکە لە ئیسلامدا نیە بەڵکو لە ڕادیکاڵیزم دایە. وەکو نمونەیەکی کاریگەر، کوردستانی عێڕاقی هێنایەوە. نزیکەی 20 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ توندڕەوەکان لە کوردستان بەدیار کەوتن کە لە لایەن وڵاتانی دەرەوە هان دەدران و هاوکارییان دەکرا، بەڵام کاردانەوەی خێرای دەسەڵاتدارانی کوردستان چاڵاکییەکانیانی ڕاگرت.  زیاد ڕەئوف سەرەنجی دا کە ئەوڕوپا پێویستە پشتیوانی سەربەخۆیی کوردستان بکات، کە ناوچەیەکی پێکەوە ژیانی هەموو ئایینەکانە. هەروەها لە وتووێژەکەدا بەڕێز عەلی سندی دەنگی هەڵبڕی، کە ئامادە بوو لە پانێلەکەدا. ئاماژەی بە پێویستی ڕیفۆرمی پەروەردەیی دا وەك ئەوەی لە کوردستان ئەنجام دراوە، هەروەها بڕینی هاوکاری دارایی نێودەوڵەتی بۆ توندڕەوەکان. بەڕێز وەزیر بیری هێنانەوە کە لە کوردستانی پڕ لە تولێرانس کڵێسا بە پارەی حکومەت دروست دەکرێت.

نوێنەری حکومەت هەروەها وتەیەکی پێشکەش کرد لە پانێڵی وتووێژ کە تەرخان کرابوو بۆ سەرکردە تازەکان و هەڕەشە تازەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی. پانێڵەکە لە ستافێکی جێ بایەخی سیاسی-ڕۆژنامەوانی-شارەزایان پێکهاتبوو (لەوانە بە بەشداری سەرۆکوەزیرانی پێشووی چــیـــك میرکا تۆپۆلانکا Mirka Topolanka و سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی Nowoczesna لە پەڕلەمانی پۆڵۆنیا خاتوو کاتاژینا لوبناوەر). بەڕێوەبەری پانێڵەکە خاتوو پڕۆفیسۆر ئێمانوێلا دێل ڕێ Emanuela del Re لە ئیتاڵیاوە، کە زۆر بە بایەخەوە دەڕوانێکە پرسی کورد، لەوەوە لە باس کردنی هەڕەشەکان دا پرسی کوردیشی خستەڕوو و داوای لە نوێنەری حکومەت کرد لەو بارەیەوە قسە بکات. زیاد ڕەئوف لە وتەکەیدا باسی خەبات و قوربانی پێشمەرگەی لە دژی داعش و پاراستن و حەواندنەوەی ئاوارەکان و سەقامگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، هەروەها بانگەوازی کردن بۆ دان نان بە کوردستانی سەربەخۆ.