سەرۆکی فەخری پەڕلەمانی پۆڵۆنیا کۆڕنێڵ مۆڕاڤێچکی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ نوێنەری حکومەتی هەرێمی پشتیوانی دروست بوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەکات

12ی سێپتێمبەر لە میانەی کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی لە پەڕلەمانی پۆڵۆنیا کۆڕنێڵ مۆراڤێچکی Kornel Morawiecki –  سەرۆکی فەخری پەڕلەمانی پۆڵۆنیا و پەڕلەمانتار و سەرۆکی گڕوپی “ئازاد و پشتیوانەکان”، پشتیوانی خۆی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و دروست بوونی دەوڵەتی کوردستان ڕاگەیاند.

کۆرنێڵ مۆراڤێچکی باسی ڕۆڵی گرنگی کوردی کرد لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش و توندڕەوەکان، هەروەها ئاماژەی دا کە کوردستان مۆدێلێکی سەرکەوتووی پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوەکانە، کە ئەمڕۆ زۆر پێویستن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانیەکەدا نوێنەری حکومەت ئاماژەی دا، دوای سەد ساڵ لە ئەزموونی سەخت و پڕ لە تڕاژیدیای کورد لە چوارچێوەی عێڕاقدا، دەسەڵاتی کوردستان گەیشتە ئەو بڕوایەی کە ئیتر ناکرێ لە وڵاتێکدا بمێنینەوە کە بە ئاشکرا و بێ سڵەمینەوە دەستوری عێڕاق و هەموو ڕێککەوتنێکی لێکتێگەیشتن پێشێل دەکات. لەبەر ئەوە کورد هەنگاو دەنێت بە ئاڕاستەی دروست کردنی کوردستانێکی سەربەخۆ، کە دەبێتە هۆی سەقامگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە بۆ هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینەکان، هەروەها دەبێتە پارتنێرێکی گرنگی ئابووری بۆ ڕۆژئاوا و وڵاتانی هاوپەیمان. زیاد ڕەئوف بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، کە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام دەدرێت لە هەموو ناوچەکانی کوردستانی عێڕاق. دوای ئەنجامی پۆزەتیڤی ڕیفراندۆم، کوردەکانی عێڕاق دەیانەوێ بەشێوەیەکی ئاشتیانە لە ڕێگەی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا و دراوسێکان و هەروەها لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، سەربەخۆیی ڕابگەیەنن. بۆیە داوای لە هەموو سیاسەتمەدارانی پۆڵۆنیا کرد کە پشتگیری سەربەخۆیی کوردستان بکەن، بە تایبەتی کە پۆڵۆنییەکان میللەتێک بوون کە زیاتر لە 100  ساڵ وڵاتەکەیان لە ژێر دەستی داگیرکەران بوون.

دوای کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی، زیاد ڕەئوف گفتوگۆی ئەنجام دا لەگەڵ ژمارەیەك پەڕلەمانتار و ئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی سەر بە پارتە جیاوازەکان، کە بانگەوازی کردن بۆ پشتیوانی و هاوسۆزی نواندن بەرانبەر پرسی کورد.

کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی لە پەڕلەمانی پۆڵۆنیا، یەکێکە لەو هەڵمەتە سیاسی و ڕۆژنامەوانیانەی کە نوێنەری حکومەت لە پۆڵۆنیا ئەنجامی دەدات بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم. زیاد ڕەئوف چەند دیدارێکی تری ئەنجام داوە لەگەڵ پەڕلەمانتاران و سەرۆکی فڕانسیۆنەکان، لۆببی ئەنجام داوە لەپێناو پرسی نەتەوەیی کورد لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئابووری، هەروەها زنجیرەیەك لە دیمانە تەلەڤزیۆنی و ڕۆژنامەوانی. ئەو هەڵمەتەش بەردەوام دەبێت لە ڕۆژانی داهاتوودا.