لە یادی 29 هەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە و قوربانیانی ئەنفال، زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا یاداشتێکی پێشکەشی پەڕلەمانی پۆڵۆنیا کرد بۆ ناساندنی تاوانی ئەنفال وەکو جینۆساید

پێشکەش کردنی یاداشتێك لە پەڕلەمانی پۆڵۆنیا بۆ ناساندنی تاوانی ئەنفال وەکو جینۆساید دژی مرۆڤایەتی، زنجیرەیەك دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ پەڕلەمانتارانی پۆڵۆنیا، هەروەها سیمینارێکی تایبەت بە کارەساتی هەڵەبجە – بەو شێوەیە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا یادی 29 ساڵەی کارەساتی کیمیاباران کردنی هەڵەبجە بەرز ڕادەگرێت.

 نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا سەردانی تەلاری پەڕلەمانی پۆڵۆنیای کرد بۆ پێشکەش کردنی یاداشتێك بۆ ناساندنی تاوانی ئەنفال وەکو جینۆساید. هاوکات “ڕاڤەی یاسایی ئۆپەڕاسیۆنی ئەنفال” کە لە لایەن پڕفیسۆر ئیرێنێوش کامینسکی Ireneusz Kamiński پسپۆری بواری یاسای نێودەوڵەتی نوسراوە، هاوپێچی یاداشتەکە کرد. نوسەری ئەو ڕاڤە یاساییە بەشێوەیەکی وورد ڕوونی دەکاتەوە کە کردەکانی ڕژێمی عێڕاق لە چوارچێوەی ئۆپەڕاسیۆنی ئەنفال بەبێ هیچ گومانێك تاوانی کۆمەڵکوژییە لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتی.

زیاد ڕەئوف دوای پێشکەش کردنی یاداشتەکە، بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی زنجیرەیەك چاوپێکەوتن و دیدار لەگەڵ پەڕلەمانتارانی پۆڵۆنی لە هەموو پارت و لایەنەکان، یەکەم دیداری لەو بابەتە لە پاییزی ساڵی ڕابردوو دەستی پێکرد.  چاوپێکەوتنی تری لەو بابەتە لە ڕۆژانی 18 و 21 ی مارس ئەنجام دەدرێت لە میانەی یادکردنەوەی جەژنی نەورۆز کە ژمارەیەك لە پەڕلەمانتاران بەشداری دەکەن.

لە ساڵیادی کارەساتی هەڵەبجە لە نوسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان سیمینارێکی تایبەت بەڕێوەچوو لەبارەی تاوانی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە. هەریەك لە قوتابیانی دکتۆرا – ڕێباز جلال و هەڤاڵ حوسێن کە لە زانکۆکانی وارشۆ دەخوێنن، بابەتێکیان ئامادە کرد بەناوی “چۆن یادی هەڵەبجە بکرێتەوە؟” کە بەشێوەی نیشاندانی مەڵتیمێدیا کارەساتی هەڵەبجە دەخەنەڕوو هاوکات لەگەڵ ڕا و بۆچوونی ڕەخنەگرانە دەربارەی یادەکە.

لە کۆتاییدا داوا لە ئامادەبووان کرا بۆ گفتوگۆ و وتووێژ لەبارەی سیمینارەکە و خستنەڕووی پێشنیار و ڕەخنە.

پێشکەش کردنی یاداشتەکە لە میدیا پۆڵۆنییەکان باسی لێوەکرا