خەڵاتی پۆڵۆنی بەناوی (سیرگیۆ ڤیرا دێ مێللۆ) دەبەخشرێ بە رزگاركەرانی ئیزیدییە ڕفێنراوەكان

 لە دوای پێشنیاركردنی بەڕێز حسێن ئەلقائیدی لەلایەن نوێنەرایەتی حكومەتی ھەرێمی كوردستانەوە بۆ خەڵاتی (سیرگیۆ ڤیرا دێ مێللۆ) بەھۆی كارەكانی خۆی و ئۆفیسی رزگاركردنی ئیزەدییەكان ڕفێنراوەكان ، خەڵاتەكەی ئەمساڵ لە كەتیگۆریای كەسایەتی دەبەخشرێ بە بەڕێزیان ، لەكاتێك كە زیاتر لە ١٠ كەسایەتی كاندید كرابوون لە وڵاتانی پۆڵۆنیا و چیك و بێلەروسیا و سوریا و لبنان و عیراق و سۆماڵ كە كاردەكەن و چالاكن لە بووارەكانی بەرگری لە مافی مرۆڤ و بیروڕاكانی سێرگیۆ دێمێللۆ . 

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا ھەموو زانیاری و بەڵگە پێویستەكان و کار و چالاکییەکانی  بەڕێز حسێن ئەلقائدی و ئۆفیسی ڕزگارکردنی یەزیدییەکانی بە کۆمەڵە دۆکیومێنتێکی وێنە و ڤیدیۆیی و ژمێریاری دەربارەی ڕزگارکردنی ئیزەدییەکان كۆكردەوەو پێشكەشی كرد .لەھەمان كات گرینگی دۆسیەو تراجیدیای ئیزەدییە ڕفێندراوەكان و خەمخۆری حكومەتی ھەرێمی كوردستانی ڕوونكردەوە .لە ھەمان كات نوێنەرایەتی  ھەوڵ و تەقەڵایەكی زۆری دا بەڕێگای ناردنی نامەو كۆبوونەوەی دووقۆڵی بۆ لۆببی كردن بە مەبەستی کۆکردنەوەی زۆرینەی دەنگ بۆ ئەو كاندیدە بەڕێگای تاوتوێ كردن لەگەڵ زۆر لە ئەندامانی دەستەی ھەڵبژاردنی ئەو خەڵاتە كە پێكھاتبوون لە نوێنەرانی سەرۆك كۆماری پۆلۆنیا و كۆمیساری نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران و باڵوێزخانەی  بەرازیل و باڵوێزخانەی ئەمریكاو باڵوێزخانەی سویدو وەزارەتی دەرەوەی پۆلۆنیا و سەۆكی شاری كراكۆڤ و نوێنەرانی چەندین دەزگاو ڕێكخراوانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە پۆلۆنیا .  

مەراسیمی فەرمی پێدانی خەڵاتەكە بڕیارە لە رێکەوتی ١٠/ ١٢/ ٢٠٢٠ لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە بە شێوەی ئۆن لاین ڕێكبخرێت لە بەر ڕەوشی نالەباری پەتای کۆرۆنا .

خەڵاتەكە پێك دێت لە دبلۆم و پەیكەرێكی برۆنز و بڕەپارەیەكی سیمبوولی یە و بریتیە لە ( دەھەزار زلۆتی پۆڵۆنی كە ئەكاتە ٢٥٦٤ دۆلار ). 

شایەنی باسە ساڵانێكی زۆرە نوێنەرایەتی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە پۆلۆنیا  كار و پڕۆژەی ھاوبەش و ھەماھەنگی لەگەڵ دەزگای ڤیلا دێچیوش بەردەوام ئەنجام داوە و دۆسیەی ئیزیدییەكان و مەسەلەی كوردی ڕوونكردیتەوە لە زۆر لە كۆنفرانس و سمینارەكان لەو دەزگایە ، و ھەر  بۆیەش كاریگەری ھەبووە لەسەر لێژنەی خەڵاتی پۆلۆنی (سیرگیۆ ڤیرا دی میلۆ). بۆ نموونەش لە ساڵی ٢٠١٧ لە نێوان كۆمەڵێك کاندیدانی وڵاتانی جیھان ، كاندیدی نوێنەرایەتی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە پۆلۆنیا (دەزگای خێرخوازی بارزانی) بوو بە براوەی خەڵاتەکە,  وە لە ساڵی ٢٠١٨ چالاکوانی مەدەنی عیراق خاتوو هانا ئیدوارد بوو بە خاوەنی براوەی خەڵاتەکە و لە ساڵی ٢٠٠٩ ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عیراق یونامی ئەو خەڵاتەی لە كەتیگۆریای ڕێكخراوەكان وەرگرت.

گرینگی و پایە بەرزی ئەو خەڵاتەش دەبیندری بەوە كە لەساڵانی پێشتر بەخشران بۆ نموونە بەو كەسایەتیانە وەكو : 

-ساڵی ٢٠٠٤ تادێوش مازۆڤێسكی ( Tadeusz Mazowiecki ) یەكەم سەرۆك وەزیرانی پۆلۆنیا پاش گۆڕانی سیستێمی سیاسی.

-ساڵی ٢٠٠٨ شێڤاخ ڤایس ( Szeivah Weiss ) سەرۆكی پێشووی بەرلەمانی ئیسرائیل و باڵوێزی ئەو ووڵاتە لە پۆلۆنیا . 

-ساڵی٢٠١١ بێرنارد كوشنەر ( Bernard Kouchner ) وەزیری دەرەوەی پێشووی فەرەنسا . 

-ساڵی ٢٠١٣ ئادام رۆتفێلد ( Adam Rotfeld ) وەزیری دەرەوەی پێشووی پۆلۆنیا . 

-ساڵی ٢٠١٥ سیرگێی كۆڤالۆڤ (Siergiej Kowalow ) دامەزرێنەری ڕێكخراوی (Memoriał ) بۆ بەرگری لە مافی مرۆڤ لە ڕوسیا .