گروپێك له‌ ھاووڵاتیانی ھەرێم لە پۆڵۆنیا گه‌ڕانه‌وه‌ كوردستان

پاش دروستبوونی دۆخی نه‌خوازراوی كۆرۆنا و داخستنی سه‌رجه‌م سنووره‌كان له‌ جیهاندا، نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پۆڵۆنیا و فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ توانیان به‌سه‌ركه‌وتووانه‌ كاروانێك له‌ ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان کە له‌ پۆڵۆنیا گیریان خواردبوو بگەڕێننه‌وه‌ کوردستان .

له‌ سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆناوه‌ نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پۆڵۆنیا زانیاری كۆكرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌نیازی گه‌ڕانه‌وه‌ن بۆ كوردستان و له‌به‌ر داخستنی سنووره‌كان ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌.

خۆشبه‌ختانه‌ له‌ به‌رواری 21ی ئایاردا فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان توانی كاروانێكی تر ڕێکبخا له‌ شاری فرانكفۆرته‌وه‌ بۆ هه‌ولێر .
نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پۆڵۆنیا سه‌رجه‌م كوردانی ئاره‌زومه‌ند به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی كۆكرده‌وه‌ و پاسی بۆ ئاماده‌كردن تا له‌ وارشۆوه‌ بیانگه‌یه‌نێته‌ فرانكفۆرت و كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌نامه‌ی یاسایی پێویستی بۆ گه‌ڕانه‌وەیان‌ ئاماده‌كرد به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و باڵوێزخانه‌ی عێراق له‌ پۆڵۆنیا.

خۆشبه‌ختانه‌ سه‌رجه‌میان به‌ سه‌لامه‌تی گه‌یشتنه‌وه‌ فڕۆکەخانەی هه‌ولێر و پاش ته‌واوكردنی ماوه‌ی یاسایی كه‌ره‌نتینه‌یان، ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ لای خانه‌واده‌كانیان.

سوپاسی تایبه‌ت بۆ ھەموو برادەران لە فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و لە باڵوێزخانه‌ی عێراق له‌ وارشۆ بۆ ھاوکاری و ماندوبوونیان.