کۆنگرێسی ئەوڕوپی دەسەڵاته خۆجێییەکان
ئایار 13, 2015, 14:41
لە ڕۆژانی 4 و 5ی مایسی 2015 زیاد ڕەئوف وەکو نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا بانگهێشت کرا بۆ کۆنگرێسی ئەوڕوپی دەسەڵاته خۆجێییەکان، کە لە شاری کڕاکۆڤ بەسترا بە ئاماده بوونی نوێنەرانی هەموو دەسەڵاتە هەرێمایەتیەکانی پۆڵۆنیا و زۆربەی وڵاتانی ئەوڕوپا و جگە لەوانیش نوێنەرانی دەسەڵاتی ناوەندی وڵاتان و دەستەی دیپلۆماتی و گۆڕەپانی بزنس و زانستی.
کۆنگرێسی ئەوڕوپی دەسەڵاته خۆجێییەکان به پانێلێك وتوێژێك کرایەوه بەناونیشانی ” ئەوڕوپای هەرێمەکان – سیناریۆی نوێ” کە تیایدا دەستەیەك لە سیاسەتمەداران لەوانه سەرۆکی شاری کڕاکۆڤ یاچێك مایخڕۆڤسکی Jacek Majchrowski.، سەرۆکی کۆمیتەی هەرێمەکانی یەکێتی ئەوڕوپا مارکو ماوککولا Marku Markkula، بەرپرسی دەستەی هەرێمەکانی ئەنجومەنی ئەوڕوپا گودرون مۆسلەر-تۆرۆنسترۆم Gudrun Mosler-Toronstrom، سەرۆکی شاری تبلیسی داڤید نارمانیا David Narmania و هەروەها بەرپرسی گەورەترین بانکی پۆڵۆنی PKO BP زبیگنێڤ یـاگیێوۆ Zbigniew Jagiełło بەشداریان تیا کرد.
پڕۆگرامی کۆنگرێسەکه 60 چاڵاکی تێدا ئەنجام درا کە لە سێ تەوەر پێکهاتبوون: ئابووری، ژینگە و کۆمەڵگا، دابەش کرابوون بۆ سەر چەند لقێك لەوانه: دارایی گشتی، گەشەی هەرێمایەتی، بەڕێوەبردن لە دەزگا حکومیەکان، مارکێتینگی سیاسی، پـاك کردنەوەی شارەوانی، ڕیسایکلینگ – Recycling، پاراستنی تەندروستی، پەروەرده، سیاسەتی کۆمەڵایەتی، گەشتوگوزار. پڕۆگرامەکه ڕاپۆرت و پانێل و وۆرك شۆپ و لێکچەر و پرێزێنتەیشن و میرەجانی لەخۆ گرتبوو.
ڕۆژی یەکەمی کۆنفڕانسەکه به میهرەجانێك کۆتایی هات لە ژێر ناوی “سەرکردەی خۆجێیی 25 ساڵە”، کە تیایدا باشترین سەرۆك شارەکان خەڵات کران. هەروەها گرنگترین چاڵاکی ڕۆژی دووەمی کۆنفڕانسەکه بریتی بوو له دانیشتنێکی گشتی بۆ بابەتی “پلانی نوێ بۆ ئەوڕوپا” تەرخان کرابوو.
بەشداری کردن له کۆنگرێسی ئەوڕوپی دەسەڵاته خۆجێییەکان بۆ نوێنەری حکومەت زیاد ڕەئوف دەرفەتێك بوو بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ زۆر لە میوانەکانی لۆببی کۆنگرێسەکه دەربارەی بارودۆخی کوردستان و هەرێمەکه لەوانە لەگەڵ کۆنسوڵی گشتی فەڕەنسا و کۆنسوڵی گشتی ئەڵمانیا و ئۆکراینا وتوێژی کرد. جگە لەوه گفتوگۆیەکی کورتی ئەنجامدا لەگەڵ سەرۆکی شاری تبلیسی بەڕێز داڤید نارمانیا لە بارەی ئاسۆکانی هاریکاری نێوان کوردستان و جۆرجیا.
دوای ئەوه نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا زنجیرەیەك گفتوگۆی لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی پۆڵۆنی و دەسەڵاتی خۆجێیی ئەنجام دا لەوانه: سەرۆکی هەرێمی ڤێلکۆپۆڵسکا بەڕێز مارێك ڤۆژنیاك، پەرلەمانتاران و هەروەها لەگەڵ جێگری وەزیری دارایی خاتوو ئیزابێلا لێشچینا، کە دواتر سوپاسگوزاریی پێشکەش کردن بۆ ئەو یارمەتیه داراییەی تا ئیستا حكومەتی پۆڵۆنیا پێشکەشی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستانی کردووه.