علی غفور

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئەمڕۆ هەواڵی کۆچی دوایی بەڕێز كاك(علی غفور) مان پێگەیشت, دوای ململانێیەکی زۆر
لەگەڵ نەخۆشیەکەی ئەمڕۆ بە یەکجاری ماڵ ئاوایی لێكردین .


بەم بۆنە پڕ لە ناسۆڕەوە ، بە ناوی خۆم و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا هاوخەمی و سەرەخۆشی
خۆمان ئاراستەی بنەماڵەو کەس وکار و دڵسۆزانی کۆچکردوو دەکەین.
كاك عەلی غەفور کەساییەتیەك بوو كە خزمەتێكی زۆری كرد بۆ ناساندنی تێكۆشانی میللەتی كورد لەپێناوی مافە
ڕەواكانی و یەکێك بوو لەو کوردە تێكۆشەرانەی كە لە سەرەتای ساڵانی 1960 وە بەمەبەستی خوێندن ڕووی لە ووڵاتی
پۆلۆنیا کرد و لەو كاتەوە بە بەردەوامی ڕێكخەرو بەشدار بووی چالاکییەکانی دیاسپۆری کوردی بوو لە ئەوڕوپا و بە
ئازایەتیەكی زۆرەوە بەشداری لە ھەموو خۆپێشاندانەکانی دژی دیکتاتۆر و پیشێلکاری مافی کوردی دەکرد . هەروەها
دەستپێكەرێك بوو لە چالاكیەكانی ناساندنی مێژوو و کلتوری کوردی و یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی (كۆمەڵەی
دۆستایەتی پۆلۆنی كوردی) و ( سەنتەری كوردی بۆ زانیاری و ڕاگەیاندن) و ھەمیشە پاڵپشتی كارو چالاكیەكانی
نوێنەرایەتی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە پۆلۆنیا بوو و بەبەردەوام بەشداری لە كۆنفرانسە زانستیەكان و بۆنەو
ئاھەنگە کوردیەکان دەكردو ساڵانێكی زۆر بەشداری لە ڕێكخستنی جەژنی نەورۆز و كۆبونەوەكانی ڕەوەندی
كوردستانی دەکرد لە پۆلۆنیا.
بۆ گەنجان و قوتابیانی كوردستانی وەک برایەکی گەورە ئەبیندرا و هەمیشە ئامادە بوو بۆ یارمەتی دان و ئامۆژگاری
کردنیان ، بۆیە بە ماڵئاوایی کردنی یەکجاری ، بۆشاییەکی گەورەی ڵە نێو دڵی کوردستانیان لە پۆلۆنیا جێهێشت و هیچ
شتێک ئەم بۆشاییە پر ناكاتەوە.
هەموو کات وڵاتی پۆلۆنیای وەك نیشتیمانی دووەمی خۆی سەیر دەکرد و بە هۆی خۆشەویستی بۆ ئەم وڵاتەش و
پێشکەشکردن و خزمەتکردنی بە بەردەوامی ، لە ساڵی 2003 لە لایەن سەرۆکی پۆلۆنیاوە یەكێك لەبەرزترین خەڵاتی
سوپاس و پێزانینی پێ بەخشرا بەناوی خەڵاتی ( Krzyż Zasługi) و هەروەها خاوەنی چەندین خەلاتی تری شاری
ئۆلشتینە(Olsztyn) بەھۆی خزمەت و چالاکیە گشتییەكانی لەو شارە.
یادی كاك علی ھەر زیندو دەمێنێ و ئومێدەوارین ئەو کۆستە دڵتەنگە دوا کۆست و ناخۆشی خانەوادەی بەڕێزیان بێت.
زیاد رەئووف
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا.