دەزگای خێرخوازی بارزانی خەڵاتی Sergio de Mello ی وەرگرت

لەو ڕۆژە تەم و مژاویانەی کە لە کوردستان دەگوزەرێن، هەواڵێکی خۆش لە پۆڵۆنیاوە بەرگوێ کەوت. ئەمڕۆ لە کاتی مەڕاسیمی پێشکەش کردنی خەڵات لە شاری کڕاکۆڤ، دەزگای خێرخوازی بارزانی خەڵاتی Sergio de Mello  – کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ، وەرگرت. براوەی خەڵاتەکە پەیکەرێكی هونەری و دیپلۆمێك و دیارییەکی دارایی وەرگرت، کە لە لایەن سپۆنسۆرەکان تەرخان کراوە.

خەڵاتی پۆڵۆنی “Sergio Vieira de Mello” دەدرێتە ئەو کەس و لایەن و ڕێکخراوانەی کە کار دەکەن لە پێناوی ئاشتی و پێکەوەژیان و پێکەوەکارکردنی کۆمەڵگە و ئایین و کولتورەکان. ئەوەش خەڵاتێکی پرێستیژە و ناوبانگی زۆری هەیە لە پۆڵۆنیا و ئەوڕوپای ڕۆژهەڵات و ناوەڕاست. ئەو خەڵاتە لە لایەن دەستەیەكەوە ڕادەگەیەنرێت کە ئەندامەکانی بریتین لە نوێنەرانی: سەرۆك کۆماری پۆڵۆنیا، باڵوێزی بەرازیل، باڵوێزی سویسرا لە پۆڵۆنیا، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی ئاوارەکان، وەزارەتی دەرەوە، وتەبێژی مافەکانی مرۆڤ، دەزگای بیرەوەری نیشتمانی و کۆنسوڵی گشتی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کڕاکۆڤ، دەزگای هاوکاری چاڵاکییەکانی کۆمەڵەی Decjusz. لە مەراسیمەکەدا نوێنەرانی هەموو ئەو دەزگا ناوبراوانە ئامادەبوون. زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێم لە مانگی یۆنیۆ دەزگای خێرخوازی بارزانی کاندید کرد بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە.

لە کاتی بەخشینی خەڵاتەکە، وتاری تایبەتی بەخێرهاتنی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە لایەن هێنریك ڤۆژنیاك Henryk Woźniak بەرپرسی دەزگای Znak خوێندرایەوە. باسی دەسکەوتی وەرگرانی خەڵاتەکەی کرد بۆ ئامادەبووان، بە تایبەتی هەوڵ و ماندوو بوون و خزمەتەکانیان لە ڕووبەڕوو بوونەوەی قەیرانی مرۆیی، چاودێری کردن و پاراستنی ملیۆنێك و هەشسەد هەزار ئاوارە کە لە دەستی تیرۆریستانی داعش و جەنگی سوریا و عێڕاق هەڵاتن و لە کوردستان شوێنی حەوانەوەیان دۆزیەوە، هەروەها لە پێناو بەهێزکردنی کۆمەڵگەی شارستانی لە هەرێمی کوردستان و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گروپ و ئایینە جیاوازەکان.

دوای پێشكەش کردنی خەڵاتەکان، بەڕێز موسا ئەحمەد بەرپرسی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەنگی هەڵبڕی، باسی گرنگترین دەستپێشخەرییەکانی دەزگاکەی کرد بۆ هاوکاری کردنی ئاوارەکان و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و مۆزایکی ئایینی و نەتەوەیی، کە هەرێمی کوردستانی لێ پێك دێت. بەڕێز موسا ئەحمەد هەوڵ و تێکۆشانی کۆمسیار Sergio de Mello ی بیر هێنایەوە کە بەو خەڵاتە یادی دەکرێتەوە. موسا ئەحمەد هەروەها باسی بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستانی کرد و ئاماژەی دا بە شەپۆڵێکی نوێی ئاوارەبوون لە کەرکوك و دەوروبەری. بانگەوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ زیاتر کردنی هەوڵەکانیان لە پێناو یارمەتیدانی ئاوارە و دەربەدەر بووەکان و پشتیوانی لە دیالۆگی ئاشتیانە لە هەرێم. سوپاسی هەموو لایەکی کرد کە دەنگیان دا بۆ بردنەوەی ئەو خەڵاتە بە دەزگای خێرخوازی بارزانی و هەروەها بۆ هەموو چاڵاکییەکانی نوێنەری حکومەت زیاد ڕەئوف. ڕۆژی هەینی زیاد ڕەئوف خوانێکی تایبەت ڕێکدەخات لە شاری کڕاکۆڤ بۆ براوەی خەڵاتەکە و ڕێز لێنانیان.