یادی کارەساتی ئەنفال
نیسان 14, 2015, 13:09
لە یادی 27 ســاڵــەی کارەساتی پڕۆسەکانی ئەنـفـال، به ناوی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا و
کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاته سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیده نەمرەکانی گەرمیان و بادینان و بارزان و دەشتەکانی
سلێمانی و کەرکوك دادەنوێنین. لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو ڕژێمی بەعسی ڕوخاو لە پڕۆسەیەکی بەرنامە
بۆ داڕێژراو نزیکەی پـێـنـج هەزار گوندی کشتوکاڵیی وێران کرد و زیاتر له 182 هەزار مرۆڤی کوردی ڕاپێچی
بیابانەکانی باشوری عێڕاق کرد و لەوێدا کۆمەڵکوژی کردن. ئەنفالی کورد یەکێکە لەو تاوانە بەربەریانەی هاوشێوەی
تاوانەکانی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لە لایەن تورکە عوسمانیەکان و جینۆسایدی جووەکان لە لایەن ئەڵمانیای نازیەوه،
کە لە سەدەی ڕابردوو دژی مرۆڤایەتی ئەنجام درا. یادی ئەنفال نابێ هەر به سادەیی تێپەڕێت، بەڵکو دەبێت هەموومان
کار بۆ به جینۆساید ناساندنی بکەین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و داوای قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی بکەین، هەروەها
هەموو ئەوانەش پەلکێشی دادگا بکەین که دەستیان هەبووه لەو تاوانه قێزەونه. ئەنـفـال زامێکی قوڵە له مێژوی کوردی
ستەمدیده و هەرگیز له یاد ناکرێ. لەو ڕۆژانەدا کە کورد لە جەنگی دژ به تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی دایه،
کارەساتەکان دووباره بوونەوه، کاتێك زیاتر له دوو هەزار کچی ئێزیدی ڕفێنران و بێ سەروشوێن کران، کاتێك پیاو و
لاوەکانیان کۆمەڵکوژ کران له گوندی کۆچۆ و شەنگاڵ. تیرۆریستانی دەوڵەتی بەناو ئیسلامی جارێکی تر ئەنـفـالـیـان
بیری کورد هێنایەوه. هەموو ئەوانه وامان لێدەکەن خۆڕاگرتر بین له جاران و دەست بخەینه ناو دەستی یەك بۆ
بەرەنگار بوونەوەی تیرۆر و جەنگی نەخوازراو. دوژمنان هیچ کاتێك له کورد سڵ ناکەنەوه و به هەموو شێوەیەك
دەستی تاوانمان بۆ درێژ دەکەن، لای ئەوان گرنگ نیه ئێمه چ ئایـیـنـێـکـمـان هەیه، لای ئەوان کورد بوونمان بەسه بۆ
ئەوەی کۆمەڵکوژمان بکەن. بۆیه تەنها به پشت گرتنی یەکتر دەتوانین خۆمان و ئازادیمان بپارێزین. سەرکەوتن لە
جەنگی کۆبانێ نمونەی بەرخودانی هاوبەش و یەکگرتنی کورده له دژی دوژمنی هاوبەش.
هـیـچ کاتێك بێ دەنگ نابین له ئاستی تاوانەکانی ئەنفال و کیمیاباران و جینۆساید کردنی ئێزیدیەکان و هەرگیز ناوەستین
لە وەبیرهێنانەوەی جیهان لەو کارەساته جەرگبڕە.