زیاد ڕەئوف لە میانەی کۆنفڕانسێكی نێودەوڵەتی زانستی دەربارەی ئەنفال وەکو تاوانێك لە یاسای نێودەوڵەتیدا

ڕۆژانی 24-25 ی ئەپریلی 2017  لە تەلاری پەڕلەمانی پۆڵۆنیا نۆیەم کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو لەسەر مافەکانی مرۆڤ، ئەمساڵ لەژێر ناونیشانی “سیستەمەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە ئەوڕوپا، هەروەها لە ئوسترالیا و ئۆقیانوسیا. چوارچێوەی جیهانی – تایبەتمەندی هەرێمایەتی – هەلومەرجەکانی بەدیهێنانی”. ئەوە یەکێکە لە کۆنفڕانسە گەورەکانی پۆڵۆنیا، کە تیایدا دەیان توێژەری زانستی و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ، لەوانەش گەلێك نوێنەری گۆڕەپانی ئەکادێمی لە دەرەوە بەشدارییان کردبوو.

یەکێك لە بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە بریتی بوو لە زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا کە لە میانەی گڕوپێکی گفتوگۆ بەناوی ” میکانیزمەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە سیستەمە سیاسییەکان، ستانداردە نێودەوڵەتییەکان”. نوێنەری حکومەت تیایدا بابەتێكی پێشکەش کرد بەناونیشانی “ئەنفال وەکو تاوانێك لە یاسای نێودەوڵەتی بە ئامانجی پاکتاوکردنی نەتەوەی کورد”.

زیاد ڕەئوف بابەتەکەی دەست پێکرد بە باسێك دەربارەی بارودۆخی کورد لە سەدەی بیستەم: ئومێدی سەربەخۆیی دوای جەنگی جیهانی یەکەم، دابەش کردنی کوردستان، دواتریش ژیانێکی سەخت لەچوارچێوەی عێڕاق. پاش ئەوە ووردەکاری پڕۆسەی ئەنفال و ئاکامە تراژیدیەکانی خستەڕوو. لە بەشێکی گرنگی ووتارەکەدا زیاد ڕەئوف ڕوونی کردەوە کە بۆچی کردەکانی سوپای عێڕاق لە بەرانبەر کورد بە بێ هیچ گومانێك وەکو کۆمەڵکوژی دژی مرۆڤایەتی هەژمار دەکرێن. بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی کە لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا پەرەی سەندووە – کردەیەك بۆ ئەوەی وەکو کۆمەڵکوژی هەژمار بکرێت، دەبێت پەیوەست بێت بە هەبوونی نیازی پاکتاوکردن لەبەر هۆکاری نەتەوەیی، ئیتنی، ڕەگەزیی یان ئایینی. ئۆپەڕاسیۆنی ئەنفال بە تەواوی هاوڕێكە لەگەڵ ئەو پێناسەیە. لە بەشی کۆتایی بابەتەکە نوێنەری حکومەت ئاماژەی دا بەو هەوڵ و کردارانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیکات بە مەبەستی ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئەنفال لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، هەروەها دەستپێشخەرییەکانی نوسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە پۆڵۆنیا بۆ بڵاوکردنەوە ئەو ڕاستیانە دەربارەی ئەو تاوانە گەورانەی کە لە دژی نەتەوەی کورد ئەنجام دراون.

ووتارەکە بە بایەخی زۆرەوە سەیر کرا، دوای تەواو بوونی، زیاد ڕەئوف کۆمەڵێك پرسیاری ئاڕاستە کرا دەربارەی ووردەکاری زیاتر لەسەر پڕۆسەی ئەنفال، بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان، لەوانەش ئاسۆی بانگەشەی سەربەخۆیی لە لایەن کوردستانەوە.