چاوپێکەوتنێك لەگەڵ قوتابیانی کوردستان بۆ فیلمێکی دۆکومێنتی به ناونیشانی “N jak Nazarejczycy”

ڕۆژی یەك شەممه 22ی فبرایەری 2015، دەستەی ئامادەکاری فیلمێکی دۆکومێنتی به ناونیشانی

“N jak Nazarejczycy” له بارەی ژیانی کریستیانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە ئاماده بوونی دەرهێنەر مــاچێی گـربیسا، دیدارێکیان تۆمار کرد لەگەڵ قوتابیانی کریستیانی کوردستان: مریەم و فادی و ڕەوەند. چاوپێکەوتنەکه بە کامێرا وێنەی گیرا له سەنتەری کوردی بۆ ڕاگەیاندن و زانیاری، که هاوکاری پڕۆژەی وێنە گرتنی فیلمەکه دەکات.

لە میانەی وێنه گرتنی دیدارەکه گفتوگۆ کرا له بارەی بارودۆخی کریستیانەکان له عێراق و کوردستان و جەنگی تیرۆریستانی داعش و بارودۆخی ئێستای ئاوارەکان.

قوتابیان ئاماژەیان بەوەدا که بارودۆخی کریستیانەکان له کوردستان زۆر جیاوازتره وەك لە عێراق، که هێشتا ڕووبەڕووی ڕفاندن و کوشت دەبنەوه. کاتێك دەرهێنەرەکه پرسیاری له خاتوو مریەم کرد دەربارەی ناخۆشترین ساتی کریستیانەکان له عێراق، مریەم نەیتوانی فرمێسکی بوەستێنێت و باسی ڕووداوێکی ساڵی 2010 ی کرد، که چۆن تیرۆریستان چوونه ناو کڵێسا له کاتی نوێژی یەك شەممه، دەست ڕێژی گوللەیان کرد له هەموویان و ژن و مناڵ و گەورە و بچوکیان کوشت که ژمارەیان هەموو پێکەوه 58 کەس بوون.

دواتر فادی چیڕۆكی خێزانێکی گێڕایەوه، کە لە کامپی ئاوارەکان چاوی پێیان کەوتبوو. خێزانەکه کچێکی مناڵیان له لایەن تیرۆریستانی داعشەوه ڕفێنراوه و چارەنوسیشی دیار نیە. فادی گوتی دڵنیام که تیرۆریستانی داعش ناتوانن ببنه هەڕەشە بۆ سەر کوردستان، چونکه پێشمەرگە دەیپارێزێت و ئەمڕۆ هەموو کورد یەکگرتوون و نەتەوەیەکی بەهێزن. ڕەوەند باسی یەکەم هەستی خۆی کرد له ئاست ئاواره بوونی کریستیانەکان و هاتنیان بۆ عەنکاوه دوای دەست بەسەرداگرتنی شاری موسڵ لە لایەن تیرۆریستانی داعش. لەو کاتەدا ئەو لەگەڵ گڕوپێك یارمەتی ئاواره و لێقەوماوانی دەدا و خواردن و جێگای بۆیان دابین دەکرد.

قوتابیان هەموو ئاماژەیان بەوەدا که کریستیانەکان له کوردستان هەست به سەلامەتی دەکەن و دەتوانن لەوێدا به بێ مەترسی نوێژی خۆیان بکەن و جەژنەکانیان یاد بکەنەوه. بەڵام لەگەڵ کریستیانەکانی عێراق پێویستیان به یارمەتی هەیه و بەردەوام ستەمیان لێ دەکرێت، ئێمەش وەك هەموو مرۆڤێك مافی یەکسانی و ئازادی و هەڵبژاردنی ئایینی خۆمان هەیه.

قوتابیان زۆر سوپاسی هەموو ئەو ڕێکخراوانەیان کرد کە له کوردستان یارمەتی پێشکەشی ئاوارەکان دەکەن، لەوانه ڕێکخراوی UNICEF، کڵێسا له کاتی پێویستدا، دەزگای خێرخوازی بارزانی. سوپاسی هەموو لایەنێك و کەسێکیان کرد که بەردەوام هاوکاریان گەیاندۆته ئاوارەکان و ناویان دیار نیه. هەروەها ئاماژەیان بەوەدا، که ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان هێشتا پێویستیان به یارمەتی هەیه لە لایەنی ڕێکخراوانی کۆمەڵگەی شارستانی.

بەرهەم هێنەرانی فیلمی دۆکومێنتی “N jak Nazarejczycy” له نیوەی دووەمی مانگی مارس سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن به ئامانجی وێنەگرتنی بەشی دووەمی فیلمەکه. نوسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند که هاوکاری دەستەی دەرهێنان دەکات بۆ ڕێکخستنی هەر شتێك بۆ بەئەنجام گەیاندنی فیلمەکه. زانیاری زیاتر دەربارەی مێژووی قوتابیان و کریستیانەکانی عێراق له تەلەڤزیۆنی پۆڵۆنی پەخش دەکرێت دوای یەکەم نمایش کردنی فیلمەکه.