پەنجا و پێنج ڕێکخراوی ناحکومی بانگەوازی دەسەڵاتدارانی پۆڵۆنیا دەکەن بۆ وەستاندنی بەپەلەی هێرشە سەربازییەکان و ڕێگرتن لە کارەساتی مرۆیی لە کوردستان

پەنجا و پێنج لە گەورەترین ڕێکخراوی ناحکومی پۆڵۆنیا کە پێکەوە بەناوی “گڕوپی دەرەکی”، بانگەوازێکی تایبەتیان ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی پۆڵۆنیا و ڕای گشتی کرد دەربارەی “ئەنجامدانی چاڵاکی بەپەلە بۆ ڕێگرتن لە گەشەکردنی جموجۆڵی سەربازی و کارەساتی مرۆیی لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق”. بانگەوازەکە نێردرا بۆ هەریەك لە سەرۆکوەزیرانی پۆڵۆنیا، سەرۆکی پەڕلەمان، سەرۆکی ئەنجومەنی پیران، هەروەها سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەنوسان.

بانگەوازەکە ئەنجامی چاوپێکەوتن و دیدارەکانی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاد ڕەئوفە لە پۆڵۆنیا، هەروەها دەزگای خێرخوازی بارزانی لەگەڵ کۆمەڵەی ڤیللا دێچیوشا Willa Decjusza، کە بانگەوازێکی ئامادە کرد، دواتریش ڕێکخراوە ناحکومییەکانی تری پۆڵۆنیاش هاتنە ناو ئەو دەستپێشخەرییە.

ئەوەش دەقی بانگەوازەکەیە بە زمانی کوردی:

ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە پێکەوە گڕوپێکیان پێکهێناوە بەناوی “گڕوپی دەرەکی”، دڵتەنگی و ناڕەحەتی خۆیان دەردەبڕن بۆ پێشهاتی ڕووداوەکانی کوردستان و بانگی حکومەتی پۆڵۆنیا و پەڕلەمان دەکەن بۆ چاڵاکی دەستبەجێ بە مەبەستی ڕێگرتن لە گەشەکردنی جموجۆڵی سەربازی و کارەساتی مرۆیی لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق و ناوچە جێناکۆکەکان.

جموجۆڵەکانی ئەو دواییەی هێزە سەربازییەکانی عێڕاق و حەشدی شەعبی بۆ سەر پارێزگای کەرکوك و شەنگال و خانەقین مەترسی دووبارە دروست بوونی شەپۆڵێکی ئاوارەی لێدەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی تێکدانی بارودۆخی کامپی ئاوارەکان، کە ئەوەش دەبێتە هۆی قەیرانێکی مرۆیی لە ئاستێکی زۆر گەورەدا.

ئێستا لە کوردستان، لە 13 کامپی ئاوارەکان، ملیۆنێك و هەشسەد هەزار ئاوارە هەن کە لە ساڵی 2014  و ڕوویان لە کوردستان کردووە. ئەوانەش ئاوارەی جەنگن لە سوریا، کریستیانە دەربەدەر بووەکانی عێڕاق، ئێزیدییەکان کە بوونە قوربانی دەستی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش، هەروەها ژمارەیەکی زۆری خەڵك کە لە دەستی تیرۆری داعش ڕایان کردووە بۆ کوردستان. ئێستا وا کوردەکان خۆیان دەبنە ئاوارە.

بۆ پرسیاری سەلامەتی هەموو هاوڵاتییانی هەرێم و بەردەوامی حەواندنەوە و پاراستنی کامپی ئاوارەکان، دەبێت کۆمەڵگەی پشتیوانی نێودەوڵەتی وەڵامی گونجاو بداتەوە کە ئەوەیە: کوژاندنەوەی ئاگری جەنگ و جموجۆڵی سەربازی و سەقامگیرکردنی بارودۆخی ناوەخۆ. ئەوەش دەبێتە هۆی دابین کردنی سەلامەتی ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان لە کامپەکان و هەروەها خەڵکی هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان.

بانگەوازی حکومەت و پەڕلەمانی پۆڵۆنیا دەکەین، کە پۆڵۆنیا وەکو ئەندامێکی ئەو وڵاتانەی کە دەتوانن دەستپێشخەری بۆ ئاشتی و ئاساییش  بخەنەڕوو، هەموو هەولێك بدات بۆ وەستاندنی جموجۆڵە سەربازییەکان لە پێناوی ڕێگرتن لە شەپۆڵی نوێی ئاوارەبوون و بەردەوامی پاراستنی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان.

هەروەها بانگەوازی دەکەین بۆ ناردنی هاوکاری بە پەلەی مرۆیی و بەشداری چاڵاك لە میکانیزمی نێودەوڵەتی ئاشتیخوازانە بۆ چارەسەرکردنی پرسە ناکۆکەکان و هاوکاری کردنی ئاوارەکان لەو ناوچانە، هەروەها ئامادەیی خۆمان ڕادەگەیەنین بۆ هاریکاری کردن لە دانانی سیستەمێکی کاریگەری گواستنەوەی هاوکارییەکان بۆ ئەو کەسانەی کە دووچاری مەترسی بوونەتەوە لە هەرێمەکە.