یەکەمین توێژینەوەی زانستی دەربارەی باخچەی کوردی لە ناو بۆتانیکی کوردستان لە پۆڵەندا بڵاوکرایەوە
ئازار 27, 2019, 11:07
د. کاردۆ نورالدین کریم، قوتابی دکتۆرا لە بەشی ئەندازیاری تەلارسازی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی پۆزنان-پۆڵەندا، توانی بە پلەی نایاب لە بواريکی ناوازەدا تويژینەوەی دکتۆراکەی تەواو بکات. توێژینەوەکەی د. کاردۆ دۆکیومينتکردنی باخچەی ڕووەکی کوردستانە لە نيو لیستی باخچە ڕووەکە جیهانیەکان وەک باخچەی ڕووەکی (ژاپۆنی، ئینگلیزی، عوسمانی، ئیتاڵی، ئيرانی…هتد). گرنگی تويژینەوەکە لەوەدایە کە ئیتر لەمەودوا باخچەی ڕووەکی کوردستان ناوی دەچێتە ناو لیستی ئەو وڵاتانەی کە خاوەنی باخچەی ڕووەکی (Botanical Garden)ی تایبەت بە خۆیانن. تويژینەوەکەی د. کاردۆ پشتی بەستووە بە باخچەی ڕووەکی هەولير کە ئيستا بەردەستە و کار بۆ ئەوە دەکات نەهێڵيت چیدی ڕووەکە تایبەتەکانی کوردستان لەناوبچن و گەشەیان پێدەدات. لە کۆتایی توێژینەوەکەدا بە شێوەیەکی بەرچاو دەردەکەوێت کە باخچەی ڕووەکی کوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە و جیای دەکاتەوە لە باخچە ڕووەکەکانی وڵاتانی تر. هەم هەنگاوەش دەوڵەمەندی جوگرافیا و ئاو و هەوای کوردستان پیشان دەدات. نوسینی ئەم جۆرە توێژینەوانە وا دەکات هەموو جیهان گەواهی ئەوە بدات کە گوڵی (شلێر، شیلان، کنێر، نێرگز… هتد.) مۆرکی کوردایەتیان پێوەیە و بۆنی کوردستانیان لێدێت.
وەک نوينەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا، بەڕێز زیاد ڕەئووف دەستخۆشی لە د. کاردۆ کرد بۆ پیشاندانی جوانیەکانی کوردستان بە جیهان و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواست لە کایەکانی ژیانیدا.
لە کۆتاییدا هەر وەک فایەق بێکەس دەڵێت:
خوایە وەتەن ئاوا کەیت
چەند دڵگیر و شیرینە
دەشتی خۆش و ڕەنگینە
ئاوی کەوسەرە، خاکی گەوهەرە
پڕ لە گوڵ و نەسرینە